سەید عەباس عێراقچی، وەزیری کاروباری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران کە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ساڵانەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کردووە، لە پەراوێزی ئەم کۆبوونەوەیەدا لەگەڵ ئێد میلیباند، وەزیری کاروباری دەرەوەی بەریتانیا کۆبووەوە و گفتوگۆی کرد.
وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بەریتانیا لەم دیدارەدا سەبارەت بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی ئێران و بەریتانیا و بابەتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وتووێژیان کرد.
وەزیری دەرەوەی ئێران نائارامیی ئێستای ناوچەکە و گەرووی هورمزی بە دەرئەنجامی دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنی زانی کە بە پشتیوانی و هاوڕێیەتیی هەندێک لە وڵاتانی ئەورووپی ئەنجام دراوە و زیانی زۆری بە ئێران، ناوچەکە و جیهان گەیاندووە.
وەزیری دەرەوە چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی بەردەوامی لە ناوچەکەدا بەستەوە بە کۆتاییهێنان بە داگیرکاری و بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین، بەتایبەت مافی دیاریکردنی چارەنووس، و ئەوەشی بیرهێنایەوە کە دەوڵەتی بەریتانیا و هەندێک لە دەوڵەتە ئەورووپییەکانی دیکە بەهۆی ئەو ڕۆڵەی لە دروستبوون و بەردەوامیی ڕژێمێکی داگیرکەر و تیرۆریست لە ڕۆژاوای ئاسیا گێڕاویانە، دەبێت وەڵامدەرەوە بن.
عێراقچی داوای چاککردنی ڕوانگە وێرانکەر و نابەرپرسانەکانی هەندێک لە دەوڵەتە ئەورووپییەکانی کرد بەرامبەر بە ئێران و پێشهاتەکانی ناوچەکە، و جەختی لەوە کردەوە کە پێداگری لەسەر دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان و بەکارهێنانی کەرەستەییانەی چەمکەکانی مافی مرۆڤ بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە.
وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەردەوامیی پشتیوانیی هەمەلایەنەی چەکداری و سیاسیی بەریتانیا و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی ئەورووپای بە هۆکاری سەرەکیی توندتربوونی تاوانەکانی ڕژێمی داگیرکەر دژ بە خەڵکی فەلەستین و وڵاتانی ناوچەکە دانا و جەختی کردەوە کە بەریتانیا و وڵاتانی دیکە، بەپێی پەیماننامە پەیوەندیدارە نێودەوڵەتییەکان، پابەندن بە هەنگاونان بۆ لێپێچینەوەی یاسایی و سزادانی بەرپرسانی ڕژێمی زایۆنی بەهۆی جینۆساید و تاوانی جەنگەوە.
وەزیری کاروباری دەرەوە هەروەها وێڕای جەختکردنەوە لەسەر ڕوانگەی بەرپرسانەی ئێران لە بەکارهێنانی توانای دیپلۆماسی بۆ چارەسەرکردنی بابەتە پەیوەندیدارەکان بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئاشتیخوازانەی ئێران، ڕایگەیاند کە سێ وڵاتە ئەورووپییەکە بەهۆی پەیڕەویکردن لە هەنگاوە نایاساییەکانی ئەمریکا لە بابەتی میکانیزمی پەلەپیتکە (ئەسنەپ باک) و هەروەها بەهۆی نەگرتنەبەری هەڵوێستێکی یەکلاکەرەوە دژ بە دەستدرێژیی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییە ئاشتیخوازەکانی ئێران، دەبێت بەرپرسیار بن و وەڵام بدەنەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، وەزیرانی دەرەوەی ئێران و بەریتانیا تاوتوێی پەیوەندییە دوولایەنەکان و راوێژە دیپلۆماسی و کۆنسوڵگەرییەکانی نێوان هەردوو وڵاتیان کرد.