سەرکردەکانی گرووپی حەوت (G7) لە کۆبوونەوەیەکی ئۆنلاینی بەپەلەدا، ڕەزامەندییان لەسەر خستنەڕووی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت و گازوایل لە یەدەگی ستراتیژی دەربڕی، تاوەکوو گوشاری بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لەسەر ماڵباتەکان، پیشەسازی و ئابوورییە گەورەکان کەم بکرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوی فەرمیی کۆمەڵەی حەوتدا هاتووە کە بازاڕی جیهانیی نەوت بەرەوڕووی ناجێگیرییەکی بێوێنە بووەتەوە و هەڵکشانی نرخەکان سەقامگیریی ئابووری و خۆشگوزەرانیی هاووڵاتییان دەخاتە مەترسییەوە.
بەپێی ئەم بڕیارە، بڕی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل لە کۆگاکان لە ماوەی چوار مانگدا دەخرێتە بازاڕەوە کە بەشێکی بەرچاوی گازوایلەکە لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی یەکەمدا دابەش دەکرێت. هاوکات داوا لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەش کراوە کە ئەگەری دەردانی زیاتری یەدەگەکان لە ئەگەری بەردەوامیی قەیرانەکە لەبەرچاو بگرێت.
ئەم هەنگاوە درێژەی ئەو بڕیارەیە کە لە کۆتاییەکانی زستاندا درا؛ ئەو کاتەی ئەندامانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە بە ئازادکردنی مێژوویی ٤٠٠ ملیۆن بەرمیل ڕازی بوون تا ڕێگری لە شۆکی بازاڕی نەوت بکەن. یەکێتیی ئەورووپاش لەو کاتەدا پێشوازیی لە بڕیارەکە کرد و ئامانجی دەستبەجێی خۆی بە گەرەنتیکردنی ڕەوتی وزە و هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرموز ناوبرد.
بەم شێوەیە، لە ماوەی کەمتر لە حەوت مانگدا، دوو دەستێوەردانی گەورەی بەپەلە لە بازاڕی وزەدا ئەنجام دراوە. ئەم هەنگاوە نوێیە ئەوە دەردەخات کە بەپێچەوانەی چاوەڕوانییە سەرەتاییەکان، بازاڕ هێشتا نەگەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
گەرووی هۆرموز؛ چەقی قەیرانە نێودەوڵەتییەکە
ڕەگی ئەم قەیرانە دەگەڕێتەوە بۆ پێگەی هەستیاری گەرووی هۆرموز لە بازرگانیی جیهانیدا. ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشتر ڕایگەیاندبوو کە ململانێیەکانی ڕۆژاوای ئاسیا، گەورەترین پچڕانی خستنەڕووی لە مێژووی بازاڕی نەوتدا تۆمار کردووە.
پێش دەستپێکردنی قەیرانەکە، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان بە گەرووی هۆرموزدا تێپەڕ دەبوون، بەڵام ئەم ڕێژەیە لە کاتێکدا بۆ ئاستێکی زۆر کەم دابەزی و وڵاتانی کەنداو لانیکەم ١٠ ملیۆن بەرمیل لە بەرهەمهێنانی ڕۆژانەیان کەم کردەوە.
گرنگیی ئەم گەرووە تەنیا بە نەوتەوە سنووردار نییە؛ بەشێکی بەرچاوی گازی شلی جیهانیش (LNG) بەم ڕێگەیەدا تێپەڕ دەبێت. هەر بۆیە هەر ئاستەنگێک تێیدا، ڕاستەوخۆ دەگاتە ئەورووپا؛ بەتایبەت دوای ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی کەمکردنەوەی هاوردەکردنی وزە لە ڕووسیاوە، وابەستەیی کیشوەرەکە بە گازی شلی جیهانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
بەپێی تازەترین هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری (OECD)، یەدەگی گازی ئەورووپا لە کەمترین ئاستی خۆیدایە لە ماوەی پتر لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا. لە مانگی شوباتەوە تا ئابیش، یەدەگی نەوتی جیهان نزیکەی ٥٠٧ ملیۆن بەرمیل (زیاتر لە ٦٪) دابەزیوە و یەدەگی مازووت لە وڵاتانی ئەورووپای ئەندامی OECD زیاتر لە ٢٠٪ کەمی کردووە.
شارەزایان جەخت دەکەنەوە کە بەکارهێنانی لەسەریەکی یەدەگەکان لەوانەیە لە کورتخایەندا نرخەکان داببەزێنێت، بەڵام قەت جێگرەوەی گەڕانەوەی ڕەوتی ئاسایی هەناردە لە گەرووی هۆرموز نابێت.
هەڵکشانی هەڵئاوسان و قەیرانی قەرزەکان
دەرئەنجامەکانی ئەم دۆخە ڕاستەوخۆ لە ئامارەکانی هەڵئاوسانی ئەورووپادا دەبینرێت. فەرمانگەی ئاماری یەکێتیی ئەورووپا ڕایگەیاند کە ڕێژەی هەڵئاوسانی ساڵانە لە ناوچەی یۆرۆ لە مانگی ئەیلوولدا گەیشتووەتە ٣.٨٪، لە کاتێکدا مانگی پێشتر ٣.٢٪ بوو. هەڵئاوسانی کەرتی وزەش لە ١٤.٣٪ـەوە بۆ ١٨.٨٪ بەرز بووەتەوە؛ لە کاتێکدا هەڵئاوسان بەبێ لەبەرچاوگرتنی وزە تەنیا ٢.٣٪ بووە، ئەمەش دەیسەلمێنێت سەرچاوەی سەرەکیی گرانبوونی ژیان، سوتەمەنی و وزەیە.
بانکی ناوەندیی ئەورووپاش لەم دواییانەدا سوودی بانکی بە بڕی ٠.٢٥ خاڵی سەدی بەرز کردەوە و هۆشداری دا کە گرژییەکانی ڕۆژاوای ئاسیا گوشاری هەڵئاوسان دروست دەکەن و کاریگەرییەکانی تا ساڵی داهاتووش بەردەوام دەبن.
لێرەدایە کە قەیرانەکە دەچێتە قۆناغێکی ئاڵۆزترەوە: بەرزکردنەوەی ڕێژەی سوود، تێچووی وەرگرتنی قەرز بۆ خێزان و کۆمپانیاکان گران دەکات و لە هەمان کاتدا دەوڵەتە خاوەن قەرزە قورسەکانی وەک فەڕەنسا و ئیتاڵیا دەخاتە ژێر گوشاری توندەوە. فەڕەنسا نموونەیەکی دیارە؛ قەرزی گشتیی ئەو وڵاتە لە کۆتایی چارەکی دووەمی ئەمساڵدا گەیشتووەتە ٣ تریلیۆن و ٥٩٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە ١١٩٪ـی کۆی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP).
دەوڵەتە قەرزدارەکان ئێستا لە نێوان دوو بەردی ئاشدان؛ لە لایەکەوە دەبێت سوودی زیاتر بۆ نوێکردنەوەی قەرزەکانیان بدەن، لە لایەکی دیکەشەوە ناچارن بە ملیاران یۆرۆ یارمەتیی دارایی پێشکەش بە هاووڵاتییان و کارگەکان بکەن بۆ کەمکردنەوەی باری سەرشانیان لە دانی پسوولەی وزەدا. کۆمسیۆنی ئەورووپا هۆشداری داوە کە کۆی ئەم پشتیوانییە داراییانە ڕەنگە تا کۆتایی ساڵ بگاتە ٣٨ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆ.
سندووقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) هۆشداری داوە لە دروستبوونی ئەم خولگە مەترسیدارە و گەشەی ئابووریی ناوچەی یۆرۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٦ تەنیا بە ٠.٩٪ خەمڵاندووە و تێکچوونی بازاڕی وزەی بە «گەورەترین سەرچاوەی نادڵنیایی» ناوبردووە.
ڕەهەندە سیاسییەکان و داهاتووی ناکۆکییەکان
وڵاتانی ئەورووپا لە مانگەکانی ڕابردوودا تیشکیان خستووەتە سەر ئاسایشی دەریایی و ئازادیی کەشتیوانی، بەڵام بێ ئەوەی ئاماژە بە دەستپێشخەری و هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران بکەن کە بووە هۆی سەرەتای پەرەسەندنی تەنگژەکە لە ناوچەکەدا.
لە بەرامبەردا، کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرەتاوە پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە پرسی گەرووی هۆرموز بەشێکە لە وەڵامدانەوە بە دەستدرێژییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوایی ناتوانن لە لایەکەوە لە زیانە ئابوورییەکان ناڕازی بن و لە لایەکی ترەوە چاوپۆشی لە هەنگاوە سەربازییەکانی واشنتن و تەلئەبیب بکەن.
جیا لە ڕوانگە جیاوازەکان، داتا ئابوورییەکان ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر دەخەنە ڕوو؛ ئاڵۆزییەکانی هۆرموز و گرانیی نەوت و گاز، ئێستا سنوورەکانی ڕۆژحاوای ئاسیای بڕیوە و ڕاستەوخۆ بووەتە کێشەیەکی ناوخۆیی بۆ دەوڵەت و هاووڵاتییانی ئەورووپا. کیشوەری پیر ئێستا لە بەردەم بژاردەیەکی سەختی سیاسی و ئابووریدایە؛ چونکە خەڵکی ئەورووپا ڕۆژانە باجی ئەو سیاسەتە لەسەر پسوولەی کارەبا، سووتەمەنی و گرانبوونی بژێویی ژیانیاندا دەدەن.