جام کوردی - کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ناوەندی یەکێک لە ئاڵۆزترین مۆدێلەکانی «شەڕی تێکەڵاوی فرەچین»دایە؛ ستراتیژییەکی هەماهەنگ بە ڕابەرایەتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و پشتیوانیی هەندێک لە دەوڵەتە عەرەبییەکان، کە ئامانج لێی کۆنترۆڵکردنی هەمەلایەنەی ئەم وڵاتەیە لە شەتڕەنجێکی فرەڕەهەنددا. لەم ڕوانگەیەوە، توندترکردنی جموجۆڵە تیرۆریستییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچە سنوورییەکانی ئێران، دیاردەی جیاواز، کوێر یان خۆماڵی نین؛ بەڵکو پارچەی پازڵێکی گەورەن کە لەگەڵ چەند ستراتیژییەکی دیکەدا تێکەڵ کراون.

ئامانجی ئەم سیاسەتە هاوتەریبانە، دروستکردنی «تێربوون و داخورانی زانیاری و کردەیی»یە لە پێکهاتەی بڕیاردانی وڵاتدا، تاکو لەلایەک بە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار، زەمینەی ناڕەزایەتییە کۆمەڵایەتییەکان بڕەخسێنێت و خەڵک بەرەو شەقامەکان ڕابکێشێت، و لەلایەکی دیکەش بە دروستکردنی قەیرانی هاوتەریب، سیستەمی ئەمنیی ئێران تووشی پەرتەوازەیی و بێسەنتەری بکات. لە ئەنجامی ئەم پرۆسەیە، بڕیاردەران ناچار دەبن لە کێشە ستراتیژییە گەورەکانی وڵات و ناوچەکە بەرەو هەڕەشە وردەکانی ناوخۆیی ڕوو بکەن.

ئەم ستراتیژییە چوار ڕوو و هێڵە سەرەکییەکەی بریتین لە:

یەکەم: دۆکترینی دەرکردنی ئابووری

چینی یەکەم و بنەمایی ئەم شەڕە تێکەڵاوە، لەسەر لاوازکردنی پێکهاتەی ئابووری بە ئامانجی داڕمانی دارایی و ناجێگیریی کۆمەڵایەتی دامەزراوە؛ ئەو بوارەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان بە «دۆکترینی دەرکردنی ئابووری» ناوی دەبات. لەم توێژەدا، گەمارۆ هەمەلایەنەکان چیتر ئامرازێکی سزادان نین لە دیپلۆماسیدا، بەڵکو وەک چەکێکی قەیران‌ساز کار دەکەن کە زنجیرەی دابینکردن، پێکهاتەکانی گوزەران و سەقامگیریی دراوی وڵاتیان کردووەتە ئامانج.

ڕووی کردەیی ئەم دۆکترینە، لە قالب و شێوەی «بەربەستی هاتوچۆ و گەمارۆی ئابووری»دا دەرکەوتووە؛ ستراتیژییەکی هەماهەنگ کە لە ڕێگەی گەمارۆی ئاسمانی (وەک هەڵوەشاندنەوەی بەرفراوانی گەشتە نێودەوڵەتییەکان و گەمارۆدانی کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی)، گەمارۆ و سنووردارکردنی دەمارە دەریاییەکان، و گوشار بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ بۆ بەربەستکردنی سنوورە وشکانییەکان جێبەجێ دەکرێت.

دووەم: ئەندازیاریی شەقام

پەرەسەندنی ناڕەزایەتییە گشتییەکان لەسەر ئەو بناغەیەی کە دۆکترینی دەرکردنی ئابووری دروستی کردووە، دەبێتە هۆی «ئەمنییەتیکردنی درزەکانی نێوان نەتەوە و دەوڵەت». لەم قۆناغەدا، ئامانجی نەخشەداڕێژەرانی ڕۆژئاوایی و ئیسرائیلی، ڕاکێشانی ناڕەزایەتییە پیشەیی و گوزەرانییە ڕەواکان بەرەو ئاژاوەی تێکدەرانەیە کە لە دەرەوەی وڵاتەوە ئاراستە دەکرێن. ئامانجی کۆتایی ئەم ڕێبازە، بێبەهاکردنی سیستەماتیک و داخورانی دەسەڵاتی هێزەکانی پارێزەری ئاسایشە.

سێیەم: چالاککردنی شانە تیرۆریستییەکان

چینی سێیەمی ئەم ستراتیژییە، تەرکیز لەسەر پەرەپێدانی هەڕەشە تیرۆریستییەکانە. لەم توێژەدا، ژووری فەرمانی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، دوو بازووی کردەیی هاوتەریبی چالاک کردووە: یەکەم، چالاککردنی تیرۆریزمی نیابەتیی تکفیری و جوداخواز لە ناوچە سنوورییەکان؛ دووەم، ئاراستەکردنی تۆڕەکانی نفووز کە ئەرکیان تیرۆرکردنی بەرپرسانی باڵایە لە قووڵایی خاکی وڵاتدا. تیرۆرکردنی بەئامانجکراو و زنجیرەیی زانایانی میانڕەوی ئەهلی سوننە، هەوڵێکی سیستەماتیکە بۆ دوقوتڵبکردنی مەزهەبی-نەتەوەیی و ئاسانکاری بۆ چالاکیی تووندڕەوەکان.

چوارەم: هێرشی سەربازی بۆ لێدانی کۆتایی

چینی چوارەم و کۆتایی ئەم شەڕە تێکەڵاوە، گەڕانەوەیە بۆ قۆناغی ململانێی ڕووتی سەربازی و هێرشی سەختی پەلاماردەرانە. ئامانجی ستراتیژی لەم ئاستەدا، کۆتاییهێنان بە توانای بەرگری و لەناوبردنی سیستەماتیکی ژێرخانە هەستیارەکانی ئێرانە، وەک دامەزراوەکانی وزە، بەندەرە بازرگانییەکان، وێستگەکانی نەوت و تۆڕەکانی دابەشکردنی کارەبا، تاکو دەمارەکانی مانەوەی جووئابووری و پەیوەندییە لۆجیستییەکانی وڵات لەناو بچن.

لە کۆتاییدا، ئەم چوار چینە ئاڵۆزەی شەڕی تێکەڵاو، هەموویان ئامانجێکی هاوبەشیان هەیە: گیرۆدەکردنی پێکهاتەی بڕیاردانی وڵات لە دۆخێکی پەرتەوازەیی ستراتیژی و داخورانی هەمەلایەنەی تواناکانی زانیاری و کردەیی، تاکو ئێران یان تەسلیم ببێت و پاشەکشەی جووپۆلیتیک بکات، یان لەناوەوە دابڕمێت. دژەژەهری سەرەکیی ئەم سیناریۆ مەترسیدارە، تێپەڕاندنی جیاوازییە حزبی و ناوخۆییەکان، هۆشیاریی کاربەدەستان لە چارەسەرکردنی خێرای کێشەکانی گوزەران و بووژاندنەوەی متمانەی گشتییە بۆ پاراستنی یەکپارچەییی نیشتمانی.