گۆران ماد ڕایگەیاند: "ئەمریکا بەدرێژایی ٦٠ ساڵ فەزڵی سوپای عێراقی دا بەسەر هێزی پێشمەرگەدا، بەڵام لە کۆتاییدا عێراقییەکان بە شێوازی خۆیان پاداشتی ئەو پشتگیرییەی ئەمریکایان دایەوە؛ دوای هەوڵەکانیان بۆ دەرکردنی ئەمریکا لە عێراق، ئاڵای ئەو وڵاتەشیان خستە ژێر پێیان."
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە لە درێژەی قسەکانیدا بۆ جام کوردی و لە وەڵامی بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆکانی ڕووداوەکە ڕوونی کردەوە: "ئەو کەسەی کە بەسەر ئاڵای ئەمریکادا دەڕوات، چەکدارێکی ئاسایی نییە، بەڵکو سەعد کەعبی، فەرماندەی گرووپی نوجەبایە. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە سووکایەتیکردنەکە یان خستنەژێرپێی ئاڵاکە لەسەر ئاستی باڵای سەربازی و ئەمنی عێراقییەکانەوە بووە، نەک ڕەفتارێکی تاکەکەسی."
گۆران ماد جەختی لەوەش کردەوە کە ئەم هەڵوێستەی بەغدا و فەرماندە سەربازییەکانی عێراق پەیامێکی روونە بۆ واشنتۆن کە سیاسەتەکانی چەند دەیەی ڕابردووی لە ناوچەکەدا بەمشێوەیە ئاکامیان لێ کەوتووەتەوە.