بەهۆی ئەوەی بەشێکی هەرە زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکان و هاوردەکردنی کەلوپەل لە دەرەوەی سنوورەکان بە دراوی دۆلار ئەنجام دەدرێن، حکومەتەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەی دارایی قووڵدا، زۆر جار وەک ئامرازێک پەنا بۆ دابەزاندنی بەهای دراوی نیشتمانیی خۆیان دەبەن.

​عێراق بەهۆی گەندەڵی ڕێکخراو، بەهەدەردانی بڕێکی ئێجگار زۆری سەرمایەی نیشتمانی و چوونە دەرەوەی سەدان ملیار دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات، ڕووبەڕووی قەیرانێکی دارایی قووڵ بووەتەوە. ئاستی ئەم قەیرانە گەیشتووەتە ڕادەیەک کە دەسەڵاتداران دەستیان بۆ ئەو نەختینەیەیە دراوە ببرێت کە وەک یەدەک لە بانکی ناوەندیدا هەڵگیراوە. لە کاتێکدا کەمبوونەوەی یەدەکی دارایی ئاماژەیەکی مەترسیدارە، حکومەت لە بڕی گرتنەبەری چاکسازیی بنەڕەتی، ئاسانترین ڕێگەی هەڵبژاردووە کە ئەویش گۆڕینی نرخی ئاڵوگۆڕی دۆلارە. ئەم بڕیارە بەکردەیی بڕینەوەی کورتھێنانی بودجەی دەوڵەتە لەسەر حساب و لێبڕینی بژێویی هاووڵاتیان؛ چونکە کاتێک داهاتی نەوت و هەناردەکردنەکان بە دۆلار ناگاتە ئاستی پڕکردنەوەی خەرجییەکانی دەوڵەت، حکومەت لە ڕێگەی گرانکردنی دۆلارەوە جیاوازییەکە لە گیرفانی خەڵک کۆدەکاتەوە.

​لایەنی دووەم و مەترسیداری ئەم هاوکێشەیە، کاریگەرییە نەرێنی و راستەوخۆکانییەتی لەسەر ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیان، بەتایبەتی چینی فەرمانبەران و مووچەخۆران. بەپێی خەمڵاندنە ئابوورییەکان، ئەم دابەزینەی بەهای دینار وا دەکات بۆ هەر ۱,۰۰۰ دۆلارێک، بە بڕی ٥٠ تا ۱۰و دۆلار بارگرانی و زەرەری دارایی ڕاستەوخۆ بکەوێتە سەر شانی هاووڵاتی؛ ئەمەش لە ڕێگەی دابەزینی هێزی کڕین و گرانبوونی سەراپای کەلوپەل و پێداویستییە سەرەکییەکان لە بازاڕدا.

​مەخابن، لە بەرامبەر ئەم فشارە ئابوورییە سەختەدا، حکومەت هیچ پلان و ڕێگەچارەیەکی کرداریی بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی خەڵک و قەرەبووکردنەوەیان لەبەرچاو نەگرتووە. لە دوای ماوەیەک لە گەشەکردن و بوژانەوەی نسبی لە ژیانی خەڵکدا، ئێستا بەهۆی بڕیاری نادروستی بەرپرسان، بەردەوامیی دزینی داهاتی گشتی و ئەو ئاڵۆزی و جەنگانەی یەک لە دوای یەک بەرۆکی ئەم وڵاتەیان گرتووە، ژیان و گوزەرانی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو سەختی و قەیرانی قووڵتر هەڵدەکشێت.