کینانی بە ئاژانسی «المعلومه»ی ڕاگەیاند: «حکوومەت خاوەنی داهاتی نا-نەوتییە کە لە بودجەدا نەهاتوون» و پرسیاری لەسەر چارەنووسی ئەم پارانە و میکانیزمی بەڕێوەبردنیان کرد، لە کاتێکدا عێراق پێویستی بە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی دابینکردنی بودجە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە داهاتی نەوت هەیە.
ناوبراو ڕاشیگەیاند: «ئەم داهاتانە بریتین لەو پارانەی لە دەروازە سنوورییەکان کۆدەکرێنەوە، کۆکردنەوەی باج و چالاکییەکانی تری نا-نەوتی»، و جەختی لەوە کردەوە که ڕێکخستن و خستنەڕووی ئەم داهاتانە لەناو هەژمارە داراییە فەرمییەکاندا، سەرچاوەی گەورە بۆ حکوومەت دابین دەکات و یارمەتی دەدات لە جێبەجێکردنی پابەندبوونە داراییەکانیدا.
کینانی روونی کردەوە کە «بەڕێوەبردنی لاوازی هەندێک لەم سەرچاوەیانە پەیوەندی بە پشکی حزبی و نفووزی سیاسییەوە هەیە لە دامەزراوە حکومییەکاندا» و ئاماژەی بەوەش دا که «بەشێک لە داهاتەکان بۆ دابینکردنی تێچووی پڕۆژەی تایبەت بەکاردێن». ناوبراو داوای چاودێریی توندتری کرد بۆ ڕێگریکردن لە بەفیڕۆدان و گەندەڵی و دڵنیابوون لە گەیشتنی پارەکان بە خەزێنەی گشتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش دا کە بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار ماوەیەکە پێشنیار و بۆی پلاندانراوە و ڕوونی کردەوە کە داهاتی زیادەی بەدەستهاتوو لەم هەنگاوە بە نزیکەی ٢٠ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە.
ناوبراو جەختی لەسەر «پێویستیی شەفافیەت لە قەبارەی ئەم داهاتانە و چۆنیەتی خەرجکردنیان لەلایەن حکوومەتەوە و بەراوردکردنیان لەگەڵ ئەو خەرجیانەی کە هاووڵاتییان بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکان و دابەزینی هێزی کڕین دەیچێژن» کردەوە.
کینانی داوای «وردبینییەکی گشتگیر لە داهاتە نا-نەوتییەکان، ڕاگەیاندنی قەبارە، سەرچاوە و خەرجییەکانیان و خستنەبەر دیدی چاودێریی مالی و پەرلەمانیی کاریگەر» کرد و جەختی کردەوە کە «چارەسەرکردنی کورتهێنانی بودجە دەبێت بە زیادکردنی سەرچاوەکانی حکوومەت و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و بەفیڕۆدان دەست پێبکات، نەک دانانی بارگرانیی زیاتر لەسەر شانی هاووڵاتییان».