محه‌ممه‌د عه‌لی سوبحانی باڵوێزی پێشووی ئێران له لۆبنان له شرۆڤه‌ی هۆکاره‌کانی ئه‌گه‌ری سه‌ردانی خالد مه‌شعه‌ل سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسی بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس بۆ عه‌ره‌بستان له وتووێژێک له گه‌ڵ هه‌واڵده‌ری ئیلنا جه‌ختی کرده‌وه: ڕووداوه‌کانی میسر و بارودۆخی ئیخوانه‌کان کاریگه‌رییان له سه‌ر حه‌ماس وه‌ک هاوپه‌یمانێک هه‌بووه، له‌و کاته‌وه که پێگه‌ی ئیخوان موسلمین له میسر به‌ره‌و لاوازی ڕۆیشتووه، هاوکات پێگه‌ی حه‌ماس دابه‌زیوه و له په‌یوه‌ندییه‌کانی له گه‌ڵ قاهیره تووشی کێشه بووه.
به پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ناوبراو له درێژه‌دا وتی: لاوازبوونی حه‌ماس کاریگه‌ری ڕاسته‌وخۆی له سه‌ر سه‌رچاوه داراییه‌کانی ئه‌و بزوتنه‌وه هه‌بووه، به‌م هۆیه‌شه‌وه به‌رپرسانی حه‌ماس بیر له درگایه‌کی دیکه له په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیان ده‌که‌نه‌وه تا کێشه داراییه‌کانی خۆیان چاره‌سه‌ر بکه‌ن.
ئه‌م شاره‌زایه‌ی کاروباری ناوچه‌که سه‌ردانه‌که‌ی خالد مه‌شعه‌ل بۆ عه‌ره‌بستان به ئاسایی ناو ده‌بات و وتی: ئه‌مه‌ی که سه‌رۆکی مه‌کته‌بی سیاسی حه‌ماس سه‌ردانی ڕیاز بکات، بابه‌تێکی ئاساییه، له به‌ر ئه‌وه‌ی که حه‌ماس به هۆی کێشه‌ی داراییه‌وه خوازیاری نزیکایه‌تی له عه‌ره‌بستانه و ده‌یه‌وێت له‌م ڕێگایه‌وه بودجه و پێداویستی دارایی خۆی دابین بکات.
ناوبراو له وه‌ڵامی پرسیارێک سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که ئایا په‌یوه‌ندییه‌کانی نێوان بزوتنه‌وه‌ی حه‌ماس و عه‌ره‌بستان هۆکاری ناکۆکییه له گه‌ڵ تاران، ڕایگه‌یاند: له‌مه‌ی که نێوان ڕیاز و تاران کێشه و ناکۆکی هه‌یه، گومانێک نییه و ناتوانین ئه‌م بابه‌ته له به‌رچاو نه‌گرین، به‌ڵام پێویسته ئه‌وه‌ش له به‌رچاو بگرین که حه‌ماس بۆ مانه‌وه‌ی خۆی پێویستی به‌وه هه‌یه که په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆی له گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی ناوچه‌که به‌هێزتر بکات.