بەپێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مامۆستا هادی زیائەدینی پەیکەرتاش و وێنەکێشی بەناوبانگ کورد، وەکوو یەکێک لە شانازییەکانی ئەم نەتەوەیە لە ئەتڵەسی ناوداران ئێران جێی گرت.
مەرجەکان بۆ نووسینی ناوی کەسایەتییەکان لە ئەتڵەسی ناودارانی ئێران؛ خاوەنی داهێنان بوون، خزمەتی دیار و بەرچاو بە کەلتوور و شارستانییەتی ئێران و ئیسلام و خۆشناویی ئەخلاقی لە کاری هونەری و لێزانی و پابەندیی پیشەییە کە مامۆستا زیائەدینی وەکوو کەسایەتیەکی ناسراو و دیار و هەڵگری هەموو ئەم مەرجانە ناوی چووە ئەم ئەتڵەسە مەزنەوە.
ئەو کەسایەتیەی کە ڕوح بە بەری بەردەکاندا دەکات لە ئێستادا لەگەڵ دیکەی ناودارانی کورد کە لە ئاسمانی زانست و هونەر و کەلتووری ئێرانیش دەدرەوشێنەوە، وەکوو بلیمەتێک، نوێنەرایەتی ئەم بەشەی گەلی ئێرانی مەزن دەکات لە ناو ئەتڵەسی ناوداران دا.
شیاوی باسە ئەم هەنگاوە بە هەوڵ و ماندووبونی جیهادی زانکۆیی پارێزگای کوردستان نرا و بەرپرسانی ئەم ڕێکخراوە حکومیە پاش ئەم دەستکەوتە مەزنە، ڕایانگەیاند، پارێزگای کوردستان ئاخێزگەی زۆر کەسایەتیی جێ شانازییە لە هەموو بوارەکاندا و هەر بۆیە هەڵبژاردنی ورد و ڕاست و ناساندنی ئەوان وەکوو کەسایەتیی جێ شانازی، پێویستیەکی حاشاهەڵنەگرە.
هادی زیائەدینی زیاتر لە چوار دەیەیە، فەرهاد ئاسا خەریکی هەڵکۆڵین و دەرهێنانی ڕۆحی مرۆڤەکانە لەناو بەردەکاندا.
کەم شار هەیە لە ئێران و کوردستان، پەیکەرێکی دروستکراوی هادی زیائەدینی لێ دانەنرابێت. کەم شاخ و بەردی ناوچە کوردییەکان هەیە، جێی پەنجەی هادی پەیکەرتاشی لەسەر بەجێ نەمابێت. ئەو کە لە شەستەکانی تەمەنی دایە و زیاتر لە ٤٠ ساڵە، دەست و پەنجەی لەگەڵ بەردەکان نەرم کردووە و لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە، ڕۆحیان بە بەردا دەکات.
هادی زیائەدینی، ساڵی 1956 لە گەڕەکی جۆرئاوای شاری سنەی ناوەندی پارێزگای کوردستان لە بنەماڵەیەکی سۆفی و شاعیر دۆست لەدایکبووە، بەرلەوەی بچێتە خوێندنگە کاری نیگارکێشی کردووە.
لە سەردەمی مێرمنداڵیدا هادی خوو بە گۆشەگیرییەوە دەگرێ و لە خەڵوەتی خۆیدا قەڵەم لە سەر کاغەز دەخشێنێت و ڕوح دەکاتە بەرەی وێنەکانیەوە، تا دواجار بەبێ ڕاهێنان و تەنانەت کەرەستەی پێویستیش، دەست دەکات بە وێنەکێشان. زۆربەی کاتەکانی لە تەنورخانەکەی ماڵەوەیاندا بەسەردەبات و لە دیوارە بەدوکەڵ ڕەشبووەکانی تەنورخانەکە، وێنە دەکێشێت. زیائەدینی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێ؛ لە دواناوەندیدا کاریکاتێری هەموو مامۆستاکانی کێشاوە، ڕۆژێک لەسەر خواستی هاوڕێکانی، لە دیوارەکانی قوتابخانە، هەمووی هەڵدەواسێ و لەبەر ئاپۆرای خوێندکاران و خەڵکیش، بوار نابێت وێنەکان بۆچەند ساتێکیش بەدیوارەکانەوە بمێننەوە.
زیائەدینی دوای تەواوکردنی خوێندن لە تاران دەگەڕێتەوە سنە و ئاکادیمیای هونەری هێڵکاری، نیگارکێشی و پەیکەرتاشی دەکاتەوە و خۆشی وەک مامۆستا دەستبەکاردەبێت.
ئەو هونەرمەندە ناسراوە خاوەن چەندین ئاسەواری هونەرییە لە شارەکانی ئێران بە تایبەت سنە و مەهاباد لەوانە؛ پەیکەرەکانی ئازادی، هەوراز، هێمن، هەژار، دایک، شوانی نەی ژەن، مەولەوی کورد، نەقش بەرجستەی زیویە، منداڵی مەلەوان و کەژوان، پەیکەری بەرخۆدان و مەستووری ئەردەڵان.
هونەرەکەی زیائەدینی تەنیا لە کوردستانی ئێران نەماوەتەوە، بەڵکو زۆربەی شارە کوردییەکانی وڵاتانی دراوسێ گرتۆتەوە؛ پەیکەری شێخ مەحمودی نەمر لە سلێمانی، مەستوورەی ئەردەڵان لە هەولێر و ژنی کۆبانێ، کاری هونەرمەند زیائەدینن.
دەستڕەنگین و پەیكەرتاشی ناسراوی كورد لە یەکێک لە بەرهەمەکانیدا پەیكەرەیێک دەكاتە هێمایەک بۆ شەهیدانی كیمیاباران. لە ماوەی شەڕی ئێران و عیراقدا حكومەتی بەعس چەندین شاری كوردنشینی ئێران لەوانە؛ سنە، مەریوان، سەقز، پاوە، جوانڕۆ، ئیلام، قەسری شیرین، كرماشان و بەتایبەت هەردوو شاری سەردەشت و نۆدشەی بۆمباران كرد كە لە ئەنجامی ئەو بۆمبارانەدا بە هەزاران هاوڵاتی كورد بوونە قوربانی.
ئەم پەیكەری هونەرمەند هادی زیائەدەینی هێما و سمبولێكە بۆ كۆی شەهیدانی ئەو كیمیابارانانە. زیائەدینی سەبارەت بەم كارە هونەرییە دەڵێت: بۆ ئەوەی نەوەكانی ئەمڕۆ و داهاتوومان لە كارەسات و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر نەتەوەكەماندا هاتووە ئاگاداربن و وەک هێمای تراژیدیایەک لە یادەوەریماندا بمێنتێەوە، ئەم پەیكەرەم دروستكردووە. بۆ دروستكردنی ئەم پەیكەرەش وەک سیمبۆلێک سوودم لە تراژیدیای «بەیتی سەیدەوان» وەرگرتووە و لە گەڵ تراژیدیای كیمابارانی سەردەشت و نۆدشە تیكەڵم كردووە.
پووشپەڕی 1398ی هەتاوی لە دووەم ڕۆژی کۆنگرەی ناودارنی کورد لە سنە، پارکی ناودارانی کورد کرایەوە کە 15 پەیکەری شاعیران و ناودارانی کوردی لێ دانراوە، کە بەدەستی رەنگینی ھونەرمەند ھادی زیائەدینی نەخشێنراون.
ئەم هونەرمەندە مەزنە هۆش و بیری دەخاتە نێو قوڵەنگەکەی دەستی و پەیامی هونەرەکەی لەنێو بەردەکاندا دەئافرێنێت. ئەو کەمتر دەدوێت، بەڵام پەیکەرەکانی هەمیشە لەگەڵ خەڵکی قسە دەکەن، ئەو کەمتر دەردەکەوێت، بەڵام پەیکەرەکانی هەمیشە لە بیرەوەری خەڵکیدان. مێژووی ناودارانی کورد، لەڕێگەی پەیکەرەکانی زیائەدینەوە، نەوە لەدوای نەوە دەمێنێتەوە.
هادی نیگارکێش، وێنەساز، پەیکەرتاش و مامۆستایەکی بلیمەت و بێ وێنەیە، کەلتوور و ڕەنجی گەلەکەی لە بەرهەمە هونەریەکانیدا ڕەنگی داوەتەوە.
زیائەدینی لەبارەی کارەکانییەوە دەلێت: “جەخت دەکەمەوە لەسەر دەروون ناسی و هەڵکۆڵینی ڕوح و هەست، هەزاران جار وێنەم کێشاوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندی هاوبەشی روخسار و شێوازەکانی مرۆڤم بۆ ڕوونببێتەوە”. ئێستا لە شاری سنە و وەکوو هەوڵێک بۆ ڕێزگتن لە تەمەنێک کەری هەنەریی، یەکێک لە شەقامەکان بە ناوی هادی زیائەدینیەوە ناونراوە.
کۆتایی/.