گۆران سەعدی ئاغاوەیس شرۆڤەکاری سیاسی هەرێمی کوردستان لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە پرسی مانەوە یان کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، وتی: ئەمریکییەکان بۆ بەهێزکردنی پێگەی خۆیان لە عێراق دەیانەوێت هەرێمی کوردستان وەک ئەڵتەرناتیڤ بەکار بێنن.
ناوبراو سەبارەت بە دژایەتی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە لایەن شێعەکانی عێراق و ئەگەری مانەوەی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستان، وتی: وەک چۆن کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە قۆناغە دژوارەکاندا وەک شەڕی ناوخۆ و هەڵبژاردنەکان ڕۆڵی چاکە و نێوەندگێڕیی لە نێوان لایەنە کوردییەکاندا گێڕاوە، ئەمریکاش دەیەوێت بە جێگیرکردنی هێزەکانی لە هەرێم هەمان ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت بەڵام پێناچێت بتوانێت ئەو ڕۆڵەی هەبێت و لە هەژموونی ئێران کەم بکاتەوە، بۆ نموونە، ئەمریکییەکان لە شەڕی داعش بەرگرییان نەکرد و بێ هەڵوێست بوون.
گۆران سەعدی وتی: ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆی کێشەی نوێ لە ناوچەکە و ئاڵۆزیشی بە دواوە دەبێت، هەرچەندە لە بەرژەوەندی خۆیە بەڵام ماڵ وێرانییەکەی بۆ خەڵک دەمێنێتەوە.
ئەم شرۆڤەکارە سیاسییە وتی کە بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا ململانێکان توندتر دەبن و دوور نییە کە هەرێم ببێتە گۆڕەپانی یەکلاییکردنەوەی زۆربەی کێشەکانی ناوچەکە، هەموو ئەمانەش کارەساتی لێدەکەوێتەوە و ئەم پیلانگێڕییەی ئەمریکا گۆڕانکارییە لە باڵانس و هەژموونی هێز و لایەن و وڵاتانی ناوچەکە لە سەر حسێبی خەڵکی ئەم هەرێمە.
وتووێژ: هاودەنگ محەممەد