بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 22 ی نیسان، سەرچاوەکانی هەواڵ هێرشێکی مووشەکییان بۆ نزیک وێستگەی ناوەکی دیمۆنا ڕاگەیاند، سیستەمی بەرگری ئاسمانی پاتریۆت چالاک کرا و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ڕژێمی زایۆنیستیش لە سەر ئاسمانی ناوچەکە کەوتنە چالاکییەوە.
میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەواڵی هێرشەکەیان ڕاگەیاند، سەرەتا باس لەوە کرا کە هێرشەکە لە کەرتی غەززەوە بووە بەڵام دواتر ڕایانگەیاند کە شوێنی هەڵدانی مووشەکەکە دیار نییە. یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی دیمۆنا ڕایگەیاند کە تەقینەوەیەکی بەهێز لەو ناوچەیە ڕوویداوە بە شێوازێک کە خانووەکانی ناوچەی ئەبوقەرینات لە نزیک دیمۆنا کەوتوونەتە لەرزین و خەڵک بە شڵەژاوی بەرەو پەناگە ژێرزەوینییەکان هەڵهاتوون.
سەرەڕای بڵاوکردنەوەی هەواڵەکە لە سەرچاوە فەرمییەکانەوە، میدیاکانی ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی بەلاڕێدابردنی هێرشە مووشەکییەکەیان دا. ڕادیۆ ڕژێمی زایۆنیستی لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هێرشە مووشەکییەکە پەیوەندی بە کەرتی غەززەوە نییە. میدیاکانی دیکەی ئەو ڕژێمە ڕایانگەیاند کە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچەی بئر السبع بیستراوە و لە ناوچەی نێوان بئر السبع و دیمۆنا زەنگی ئاگادارکردنەوەی هێرشی مووشەکی بیستراوە. پەیامنێری ڕۆژنامەی جرۆزاڵم پۆست ڕایگەیاند کە دەنگی چەند تەقینەوەیەک لە ئۆرشەلیم (قودسی داگیرکراو)، مودیعین، ڕخووت، کریات ئونۆ، بئر السبع و چەند ناوچەیەکی دیکە بیستراوە. هاوکات باس لە چالاککردنی سیستەمی ئاسمانی پاتریۆت کرا.
سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و هێرشە مووشەکییەکەی سەر دیمۆنا:
بە پێی ئەوەی کە گەیشتنی مووشەک بۆ نزیک وێستگەی ناوەکی دیمۆنا بە ڕووداویکی گرنگ دادەنرێت و کاریگەری ڕۆخێنەری لە سەر پێگەی سیاسی بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی دەبێت، بەشی میدیایی سوپای ئەو ڕژێمە هەوڵی بەلاڕێدابردنی داوە.
زایۆنیستەکان کە بە دیاریکراوی نەیاندەزانی لە کوێوە کراونەتە ئامانج، بۆ کەمکردنەوەی فشارە دەروونییەکان، هێرشیان کردە سەر سوریا. سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە سەر هێرشەکەی دیمۆنا ڕایگەیاند کە مووشەکێک لە سوریاوە ئاراستەی ئیسرائیل کراوە کە لە ناوچەی نەقب کەوتووەتە خوارەوە. لە وەڵامی ئەمەش ئیسرائیل شوێنی هەڵدانی ئەو مووشەکەی لە سوریا بۆردومان کرد.
پاش هێرشە مووشەکییەکە، واشنتن پۆست ڕایگەیاند کە ڕەنگە ئێران دەستی لە هێرشی سەر دیمۆنا هەبێت و کەناڵی 20 ی ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاند کە مووشەکەکە لە سەرچاوەیەکی نادیارەوە ئیسرائیلی کردووەتە ئامانج.
بەرەی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستیش ڕایگەیاند کە ئەم ڕژێمە ڕوبەڕوی ڕووداوێکی نەخوازراو و مەترسیدار بووەتەوە، سەرچاوەی هێرشە مووشەکییەکە دیار نییە بەڵام بە پێی لێکدانەوەکان دەرکەوتووە کە لە کەرتی غەززەوە نەبووە.
هێرشی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سوریا:
سەرچاوەیەکی سەربازی بە ئاژانسی فەرمی سوریای ڕاگەیاند کە بەرەبەیانی پێنج شەممە دوژمنی زایۆنیستی بە چەند مووشەکێک لە جۆلانی داگیرکراوەوە هێرشی کردووەتە سەر سوریا و چەند ناوچەیەکی نزیک دیمەشقی بۆردومان کردووە.
سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا چەند مووشەکێکی پووچەڵکردەوە و لە ئاکامی ئەو هێرشەش چوار سەربازی سوریا بریندار بوون و زیانی مادیشی بە دواوە بووە.
گرنگی هێرشە مووشەکییەکەی سەر دیمۆنا:
هێرشە مووشەکییەکەی نزیک وێستگەی ناوەکی دیمۆنا لە کاتێکدایە کە ڕژێمی زایۆنیستی لە چەند هەفتەی ڕابردوو بەردەوام بە سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، ناوچەکەی دەپاراست. بەدەر لەمەش ئاڵۆزییەکانی نێوان ڕژێمی زایۆنیستی و ئێران لە سەر دۆسیەی ناوەکی ئێران و کردەوە تیرۆریستییەکەی سەر وێستگەی نەتەنز لە لایەن ئەو ڕژێمەوە ڕووی لە زیادبوون کردووە و کۆماری ئیسلامی ئێران تەل ئەبیبی وەک ئەنجامدەری ئەو کردەوە تیرۆریستییە و هەروەها شەهیدکردنی موحسین فەخریزادە ناساندووە.
خاڵێکی گرنگ لەم هێرشە مووشەکییەدا ئەوەیە کە سوپای ڕژێمی زایۆنیستی لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاند کە هەڵدانی مووشەکی پاتریۆت لە نزیک دیمۆنا بۆ بەرەنگاربوونەوەی مووشەکەکانی سوریا بووە کە لەو ناوچەیە کەوتنە خوارەوە. ئەمەش بابەتێکی پێکەنیندارە، لە بەر ئەوەی کە سەرەتا هێرشێک لە لایەن ئیسرائیلەوە بۆ دیمەشق نەکرابوو کە سوریا وەڵامی بداتەوە، بەدەر لەمەش چۆن دەبێت کە مووشەکی بەرگری ئاسمانی سوریا بتوانێت 200 کیلۆمەتر تا دیمۆنا ببڕێت، سیستەمی پاتریۆت تێپەڕێنێت و ناوچەیەکی نزیک ئەم وێستگە ناوەکییە بکاتە ئامانج؟
خاڵێکی دیکە ئەوەی کە مەودای نێوان ئۆرشەلیم (قودسی داگیرکراو) و دیمۆنا نزیکەی 80 کیلۆمەترە و ئەستەمە کە دەنگی ئەو تەقینەوەیەی کە دانیشتووانی شارەکە باسیان کردووە، پەیوەندی بە هێرشەکەی سەر دیمۆناوە بێت و ڕەنگە زیاتر لە مووشەکێک ئاراستەی ناوچە داگیرکراوەکانی فەڵەستین کرابێت.
دەبێت ئەوەش بزانین کە پشوودرێژی ئێران بە کۆتایی گەیشتووە و هەر کردەوەیەکی تێکدەرانەی ئەمنی لە ئاستێکی بەرزتردا وەڵامی سەربازیی بە دواوە دەبێت. هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانی ڕژێمی زایۆنیستی کە لەوەدا سەرکەوتوو نەبوو مووشەکێک پووچەڵ بکاتەوە، چۆن دەتوانێت لە بەرامبەر شەڕێکی هەمەلایەنە لە بەرامبەر شەپۆلی ڕۆکێت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان و مووشەکە پێشکەوتووەکان بەرگری بکات؟
کۆماری ئیسلامی ئێران هێندە لە ڕژێمی زایۆنیستی نزیکە کە دەتوانێت بە ئاسانی و بە چەکی مامناوەند سەرجەم ناوچە ستراتیژییەکانی ئەو ڕژێمە بکاتە ئامانج و سیستەمی بەرگری ئاسمانیش ناتوانێت ئاسایشی زایۆنیستەکان دابین بکات.
پاش کردنە ئامانجی چەند کەشتییەکی بازرگانی ڕژێمی زایۆنیستی، تەقینەوە لە گرنگترین ناوەندی وەبەرهێنانی مووشەکی ئەو ڕژێمە، هێرشە مووشەکییەکەی دیمۆنا سێهەمین گۆڕانکاری گرنگی ڕوبەڕوبونەوەی بەرەی خۆڕاگری و تەل ئەبیبە و ئەگەری بەرفراوانتربوونی ئەم ڕوبەڕوبونەوەش لە داهاتوودا لە ئارادایە./.