بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، پاش سەرهەڵدانی ئیسلام و شەڕی نەهاوەند، شاری هەمەدان وەک زۆربەی ناوچەکانی ئەو کاتەی ئێران، کەوتە ژێر دەستی حکومەتی عەباسییەکان و عەلەوییەکان. لە نووسراوەکانی مێژووناسانی ئیسلامی دەتوانین تا ڕادەیەکی زۆر بە دۆخی ئەو کاتەی شاری هەمەدان بگەین. هەمەدان لە ساڵی 319 ی کۆچی مانگی کەوتە بەر هێرش و داگیرکاری دەیلەمیەکان و لەو کاتەشەوە وەک پایتەخت هەڵبژێردرا.
ناوی بازاڕی هەمەدان بۆ یەکەم جار لە نووسراوی گەشتیارانی ئەو سەردەمەدا هاتووە. ئەبولقاسم محەممەد بن حوقل لە مێژووناسان و گەشتیارانی ئیسلامی ناسراوی سەدەی چواری کۆچی مانگی، لە کتێبەکەی خۆیدا ناوی هەمەدانی هێناوە. ئەگەرچی موقەدەسی و ئبن حوقل مێژووی بینای سەرەتایی بازاڕ بۆ سەردەمی سامانییەکان دەگەڕێننەوە بەڵام بەدەر لە بینای کاروانسەرای گوڵشەن کە سەر بە سەردەمی سەفەوییەکانە، بەشەکانی دیکەی بازاڕی ئێستا پەیوەندییەکان بە سەردەمی قاجاڕ و پاڵەوییەوە هەیە.
هەمەدان بە هۆی ئەوەی کە لە سەر یەکێک لە لقە سەرەکییەکانی ڕێگای ئاورێشمدا بووە، لە سەدەکانی ڕابردوو یەکێک لە ناوەندە گرنگییەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بووە، بە تایبەت لە سەردەمی سەفەوییەکان. تا کۆتایی سەردەمی قاجاڕیش بەشێکی زۆری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران و وڵاتانی ڕۆژئاوا هەر لە ڕێگای هەمەدان و بەغداوە دەکرا. بە کردنەوەی هێڵی ئاسنی نێوان پایتەخت و بەندەرەکانی باکور وباشوی ئێران، هەمەدان ئەو پێگەی جارانەی نەما و بازاڕە گەورەکەشی بەم هۆیەوە و هەروەها لە ژێر کاریگەری گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتی و ئابورییەکانی ئێران، گەشەی خۆیی لە دەست دا و بەرە بەرە بیناکانیشی تووشی گۆڕانکاری و دەستێوەردانی نایاسایی بوون.
کۆمەڵەی ئێستای بازاڕی هەمەدان لە 38 بازاڕ و 26 سەرا و کاروانسەرا پێکهاتووە کە سەرەڕای گۆڕانکاری لە پێکهاتەی سەرەتایی ئەوان، هێشتا وەک شوێنێکی گەشتیاری پارێزگای هەمەدان سەیر دەکرێت. گەورەترین بەشی ئەم بازاڕەش سەرای گوڵشەن و ئاوەدانترینی سەرای گومرکە، بەڵام جوانترین و پارێزراوترینی ئەوان سەرای میرزا کازمە.
بازاڕەکانی ئەم کۆمەڵەیە زیاتر بە ناوی پیشەکانەوە ناو نراون، وەک بازاڕی زێڕفرۆشەکان. هەندێک کاتیش بە ناوی کەسایەتییەکانی بازاڕەکەوە بووە، وەک بازاڕی زەنگەنە، بازاڕی حوسێن خانی و … .
لەم کۆمەڵەیەدا چەندین مزگەوتی گەورە وبچووک هەیە، هەروەها وەک ئاسانکارییەک بۆ چالاکوانانی بازاڕەکە و ئەوانەی لەو سەردەمەدا سەردانیان کردووە بۆ ئاڵوگۆڕی کاڵا و پێداویستییەکان، چەندین گەرماویش کراوەتەوە.
کاروانسەراکانی کۆمەڵەی مێژووی بازاڕی هەمەدان بینای گەورەن کە ژمارەیەکی زۆر دوکان لە خۆ دەگرن و بە بەشێک لە بازاڕەکە هەژمار دەکرێن و لە ڕووی ئابوریشەوە پێگەیەکی زۆریان هەیە.
بازاڕی هەمەدان لە ساڵی 1377 ی کۆچی هەتاوی لە لایەن ڕێکخراوی کەلەپوری فەرهەنگی، پیشەسازی دەستی و گەشتیارییەوە بە ژمارە 2027 لە ڕیزی ئاسەوارە نیشتمانییەکانی ئێران تۆمار کراوە./.