بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەجید تەخت ڕەوانچی باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی نامەی ئەم دواییەی باڵیۆزی ئەمریکا، تۆمەتبارکردنی تارانی ڕەتکردەوە و وێڕای ئیدانەکردنی هێرشەکەی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەیەکی سنوری نێوان عێراق و سوریا، ڕایگەیاند کە ئەو هێرشە دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
باڵیۆزی ئەمریکا پێشتر لە نامەکەیدا بۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پڕوپاگەندەی ئەوەیکردبوو کە هێرشە ئاسمانییەکەی وڵاتەکەی لە ناوچەیەکی سنوری نێوان عێراق و سوریا بە ئامانجی ڕێگری لە هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە دژی ئەمریکییەکان بووە.
تەخت ڕەوانچی لە وەڵامی ئەوەدا و لە نامەکەی بۆ سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودوڵەتی، ڕایگەیاند کە لە ڕابردووشدا ئەوەم بە ڕاشکاوانە باس کردووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران لە هیچ هێرشێکی چەکداری لە لایەن هیچ دامەزراوە یان کەسێکەوە لە دژی ئەمریکییەکان و دامەزراوەکانی ئەوان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی نەبووە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە هەر تۆمەتبارکردنێکی ئێران بێ بنەمایە و ڕەتدەکرێتەوە و لە ڕووی یاساییەوە هیچ بایەخێکی نابێت.
باڵیۆزی ئێران لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ڕایگەیاند کە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ تۆمەتبارکردنی لایەنەکانی دیکە، بە ئامانجی داپۆشینی هەنگاوە نایاساییەکان و ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەیە./.