پاش ئەوەی کە هێزەکانی ئەمریکا خاکی عێراقیان بە جێهێشت، کە بە دڵنیاییەوە ئەنجامی خۆڕاگری عێراقییەکان و بەشێکی زۆری لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە بووە، دەسەڵاتدارانی واشنتن هەوڵی دۆزینەوەی بیانوویەکیان بۆ گەڕانەوە هێزەکانیان بۆ عێراق دەدا، لە بەر ئەوەی کە عێراق وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و زیاتر لەمەش ئەمریکییەکان پەیوەندی زۆر گەرم و نزیکی نێوان بەغدا و تارانیان بە لاوە قورس بوو. لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی داعشیان وەک بیانووی گەڕانەوەی هێزەکانیان بۆ عێراق خستە چالاکییەوە.
داعش بە داگیرکردنی موسڵ خۆیی لە عێراق وەک حکومەتێک ناساند. ئەوەی وێنەکانی کاتی داگیرکردنی موسڵ و پاشان نمایشکردنی هێزی داعشی بینی، بەوە گەیشتووە کە هێزێکی وەها هیچ کات بە بێ پاڵپشتی دارایی و سەربازی و لۆجستی زلهێزەکان و هاوپەیمانەکانی ئەوان لە ناوچەکە نەبووە.
ئەمریکییەکان و وڵاتانی ڕۆژئاوا بە بیانووی شەڕی داعش و لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەو گرووپە تیرۆریستییە، هێزەکانیان بۆ عێراق گەڕاندەوە، ئەوان پڕوپاگەندەی ئەوە دەکەن کە لە سەر داوای حکومەتی عێراق و بۆ هاوکاریکردنی ئەم وڵاتە لە شەڕی دژ بە داعش هاتوون. بەڵام خەڵک باش دەزانێت کێ هاوکاری داعشی کردووە و تەنانەت کێ ڕێگری لەوەش کردووە و بەردەوامیشە کە هێزە عێراقییەکانی وەک حەشدی شەعبی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش لە ناو ببەن.
عێراقییەکان بە فەتوای جیهادی ئایەتووڵا سیستانی هێزی گەورەی حەشدیان پێکهێنا و بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش سەرکەوتنیان بە دەست هێنا، بە پێچەوانەوە ئەمریکییەکان هاندەر و پاڵپشتی تیرۆریستانی داعش بوون بۆ چالاکی و هێرشی زیاتر لە دژی خەڵکی عێراق. بە دەیان بەڵگە لە سەر ئەم هاوکارییەی ئەمریکا و هێنانی تیرۆریستانی داعش لە سوریاوە بۆ عێراق بڵاو کرایەوە و تەنانەت ئەوەش ئاشکرا کرا کە ئەمریکییەکان چۆن لە چیای قەرەچوخ تیرۆریستانی داعشیان کۆ کردووەتەوە و مەشق و ڕاهێنانیان پێدەکەن، لە سەر ئەمە دەیان جار شرۆڤەکارانی ئەمنی کورد و عێراقی هۆشدارییان داوە.
پەرلەمانی عێراق لە پاش تیرۆری شەهیدان قاسم سولێمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بە کۆی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزی بێگانە بە تایبەت هێزەکانی ئەمریکای دەکرد و جەختیکردووەتەوە کە حکومەتیش دەبێت بڕیارەکەی پەرلەمان جێبەجێ بکات، بەڵام تا ئێستا ئەمریکا هەوڵی خوڵقاندنی بیانوویەکی دیکە بۆ مانەوەی هێزەکانی لەم وڵاتە دەدات.
پێدەچێت داعش تەنیا بیانووەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بێت، ماوەیەکە بە پیلانی ئەمریکا جموجوڵی تیرۆریستانی داعش لە عێراق زیادی کردووە، تەنانەت ڕوویان هێناوەتە تەقاندنەوەی تاوەرەکانی کارەبا تا زیانی زیاتر بە خەڵکی عێراق بگات، ئەمریکییەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر پێگەی هێزەکانی حەشدی شەعبی، واتە ئەو هێزەی کە ڕۆڵی سەرەکیی لە شکستی داعشدا هەبووە و ئێستاش پاراستنی عێراق و خەڵکەکەی لە بەرامبەر هەر هەڕەشەیەک دەستەبەر دەکات.
بەم گۆڕانکارییانەوە، خەڵک و گرووپەکانی خۆڕاگری پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە عێراق پێویستی بە هێزی شەڕکەری بێگانە نییە و دەبێت ئەو هێزانە ئەم وڵاتە بە جێ بێڵن، پیلانەکانی ئەمریکاش چارەنووسی تەنیا شکستە و ڕۆژێک دەگات دەسەڵاتدارانی کۆشکی سپی وەک شکستەکەی ئەفغانستان، هێزەکانیشیان لە عێراق بکشێننەوە، ئەوانەش هەڵوێستیان لە گەڵ زۆربەی گەلی عێراق نییە و خزمەت بە بەرژەوەندی ئەمریکییەکان دەکەن، زەرەرمەندی سەرەکی دەبن./.