بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی 6 وڵاتی دراوسێی ئەفغانستان لە تاران بەڕێوە دەچێت. کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی ڕێگاکانی چارەسەرکردنی قەیرانی ئەفغانستان و کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خەڵکی ئەم وڵاتەیە. هەروەها لە درێژەی کۆبوونەوەی پێشووی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی دراوسێی ئەفغانستانە کە لە پاکستان بەڕێوەچووە.
بەدەر لە هەر شەش وڵاتەکەی دراوسێی ئەفغانستان، زەمیر کابولۆف نێردەی تایبەتی سەرۆک کۆماری ڕووسیا بۆ کاروباری ئەفغانستان ڕایگەیاندووە کە مۆسکۆ بەشداری لە کۆبوونەوەکەی تاران دەکات، بە بێ ئەوەی ئاماژە بە بەشداری ڕاستەوخۆ یان ئۆنلاینی بەرپرسی وڵاتەکەی بدات. ئەڵبەت ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە سرگێی لاوڕۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەو کۆبوونەوەدا وتاری هەبێت.
تاڵیبان بانگهێشتی کۆبوونەوەکەی تاران نەکراوە، زەبیحوڵڵا موجاهید ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە بەڵام کۆبوونەوەکەی تارانی بە ئەرێنی ناو بردووە.
دراوسێکانی ئەفغانستان لە کۆبوونەوەکەی تاران نیازی ئەوەیان هەیە هەوڵەکانی خۆیان لە سەر چۆنیەتی هاوکاریکردنی پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر بە بەشداری سەرجەم پێکهاتەکانی ئەفغانستان چڕ بکەنەوە.
لە کۆبوونەوەی پێشوودا کە لە وڵاتی پاکستان بەڕێوەچوو، هەر یەک لە وەزیرانی دەرەوەی ئێران، چین، پاکستان، ئۆزبەکستان، تاجیکستان و تورکمانستان لە سەر ئەوە ڕێکەوتن کە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوانیان لە تاران بێت./.