بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ئابوریی گلۆبس لە ڕاپۆرتێکی تایبەتدا ڕایگەیاندووە کە سعوودیە سەرەڕای واژۆنەکردنی ڕێکەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ئیسرائیل، پەیوەندییەکی بەرچاوی بازرگانی و ئابوریی لە گەڵ تەل ئەبیب هەیە و چەندین گرێبەستیش بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار لە نێوانیان واژۆ کراوە.
ئەو میدیا زایۆنیستە ڕایگەیاندووە کە پەیوەندییەکانی نێوان سعوودیە و ئیسرائیل بەرەوپێشچوونی هەیە و سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پەیوەندییە ڕەنگە شێوازی فەرمی بە خۆوە نەگرێت بەڵام زیاتر ڕەهەندی ئابوریی هەیە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە لە بواری ئەمنیش هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو لا پەرەی سەندووە.
بە بۆچوونی شارەزایانی ئیسرائیلی، ئاسۆیەکی ڕوون لە بەردەم هاوکارییە بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو لا هەیە، بەشێک لە پەیوەندییەکانیش لە ڕێگای دوو وڵاتی ئیمارات و بەحرەینەوە دەکرێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وڵاتانی عەرەبی ناوچەی کەنداوی فارس بەم ڕۆژنامەیەی ڕاگەیاندووە کە کۆی ئەو گرێبەستانەی بەم دواییانە واژۆ کراوە زیاتر لە 100 ملیۆن دۆلارە، هەرچەندە بەشێک لەو گرێبەستانەش لە ڕێگای کۆمپانیاکانی ئیمارات و بەحرەینەوە دەکرێت.
ڕاشیگەیاندووە کە سعوودیەکان هەوڵ دەدەن تەکنۆلۆژیا و زانستی تەکنیکی هاوردە بکەن، بە تایبەت لە بواری ئەمنیدا تا بتوانن لەم ڕێگایەوە ڕوبەڕوی هەڕەشەی حوسییەکانی یەمەن ببنەوە.
دوری گوڵد بەڕێوەبەری پەیمانگەی قودس و باڵیۆزی پێشووی ئیسرائیل لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەر ئەم تەوەرە ڕایگەیاند کە ئاڵۆزی لە پەیوەندییەکانی سعوودیە و ئێران ئەم وڵاتەی لە ئیسرائیل نزیک کردووەتەوە، هەروەها دەسەڵاتدارانی سعوودیە هەوڵ دەدەن لە ڕێگای تەل ئەبیبەوە لە واشنتن نزیک ببنەوە، بە تایبەت ئەوەی کە لەم قۆناغەدا زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە./.