بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، بەرپرسێکی تاڵیبان ئامادەیی کابوڵی بۆ کڕینی نەوتی خاو لە ئێران ڕاگەیاند.
تەوەکول ئەحمەدیار سەرۆکی ژووری بازرگانی و سەرمایەگوزاریی ئەفغانستان ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ئامادەی کڕینی نەوتە لە ئێران.
ناوبراو لە میانەی کۆبوونەوەی لە گەڵ ئیبراهیم حوسێنی ڕاوێژکاری بازرگانی ئێران داوایکرد کە تاران لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ئەفغانستان هاوکاری بکات و وتی: پتەوکردنی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان بۆ هەر دوو وڵات پێویستە و هاوردەکارانی نەوت لە ئەفغانستان پێویستیان بە ئاسانکاری حکومەتی ئێران هەیە.
تا ئێستا دیار نییە کە تاڵیبان چۆن دەتوانێت پارەی نەوتەکەی ئێران بداتەوە لە بەر ئەوەی کە زۆربەی یەدەکی دارایی ئەفغانستان لە لایەن ئەمریکاوە دەستی بە سەردا گیراوە و لەو کاتەوە تا ئێستا هیچ وڵاتێک بە تایبەت ئێران، حکومەتەکەی تاڵیبانی بە فەرمی نەناسیوە./.