بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، لە 5 ی کانوونی دووەمی 2020 و وەک کاردانەوەیەک لە بەرامبەر تاوانە تیرۆریستییەکەی حکومەتی ئەمریکا لە شەهیدکردنی هەر دوو فەرماندە حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، پەرلەمانی عێراق بە کۆی دەنگ بڕیاری دەرکردنی هێزی بێگانەی لەم وڵاتە پەسەند کرد و لەو بڕیارەدا کە بووەتە یاسایەکی فەرمیی پەرلەمانی عێراق و حکومەتی بەغدا دەبێت جێبەجێی بکات باس لە بابەتێک بە ناوی مانەوەی هێزی ڕاوێژکاری بێگانە بە تایبەت ئەمریکییەکان نەکراوە، هەر بۆیە بڕیارەکەی حکومەتی مستەفا کازمی بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە پێچەوانەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقە.
ئەوەی کە وایکردووە گرووپەکانی خۆڕاگری پێداگری لە سەر کشانەوەی ئەو هێزانە وەک داواکارییەکی ڕەوا و سەرەکیی عێراقییەکان بکەنەوە، بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە. یەکەم ئەوەی کە مانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا بە کردەوە لە ڕووی سەربازییەوە سوودێکی بۆ عێراق نییە، ئەمریکییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێکهێنانی سوپایەکی مۆدێڕن و مەشقپێکراو و پێشکەوتوویان لە هیچ وڵاتێکدا پێ قبووڵ ناکرێت. هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، مەحمود ڕۆبەیعی وتەبێژی فراکسیۆنی سادیقون لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق کە سەر بە بزوتنەوەی عەسائیبی ئەهلی حەقە، وتی: ” باسکردن لە مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکاری، درۆیەکی گەورەیە، ئەمریکییەکان هیچ وڵاتێک ئاوەدان ناکەنەوە و سوپایەک پێک ناهێنن. کاتێک باس لە مەشق و ڕاهێنانی سەربازی دەکرێت، ئەزموونی ئەفغانستان باشترین بەڵگە و پیشاندەری سیاسەتی ناپاکی ئەمریکییەکانە “. دووەم ئەوەی کە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق پێشێلکردنی خوێنی شەهیدانی خۆڕاگرییە.
ئەمریکییەکان 3 ی کانوونی دووەمی 2020 لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس و هاوڕێکانی ئەوانیان شەهید کرد و پاش ئەوەش لە خاکی عێراقدا دەیان کەسی دیکەیان لە هێزەکانی خۆڕاگری شەهید کردووە. پێداگری لە سەر کشانەوە و دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ پاراستنی سەروەری و دەسەڵاتی عێراق و تۆڵەکردنەوەی خوێنی شەهیدانی خۆڕاگرییە و بە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا تەنانەت وەک ڕاوێژکار، ئەو ئامانجە مسۆگەر نابێت. ئەو سیاسەتەی کە ئێستا سەبارەت بە هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبینرێت، دەتوانێت بگاتە شەڕ و پێکدادانی زیاتر لە نێوان گرووپە عێراقییەکان و هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا./.