یەکێک لە گرنگترین تایبەتمەندییەکانی مەکتەبی ئیسلام، پەروەردەکردنی قارەمانەکانە، ئەویش ئەو قارەمانانەی کە پیرۆزییەکانی ئیسلام بە زیندوویی دەهێڵنەوە و پەرە بە ژیانی قارەمانی لە کۆمەڵگادا دەدەن. شەهیدی فەرماندە حاجی قاسم سولێمانی بە هۆی هەبوونی بنەما فیکری و پیرۆزییەکانی ئیسلامییەوە و بەرگریی کەم وێنەی لە ئامانج و پیرۆزییەکان و بەرژەوەندییە ئیسلامی و نیشتمانییەکان، هەوڵێکی بێ وچان و بەردەوام لە بەرەی شەڕی دژ بە ستەمکاران، بەرپرسیارێتی و هەبوونی هێزی پەیوەندی بە لایەنە جیاجیاکانەوە لە بوارەکانی سیاسی و مەزهەبی و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی دژ بە دوژمنانی ئیسلام، نموونەی ڕاستەقینەی یەک قارەمان بووە.
پاش شۆڕشی ئیسلامی بە سەرکردایەتی حەزرەتی ئیمام خومەینی (رە)، بەڕێزیان لەو مەکتەبە دەوڵەمەندەدا گەشەی کرد و هەنگاوی بەرەو دابینکردنی کۆمەڵگایەکی خوازراو هەڵگرت. پێکهێنانی بەرەی خۆڕاگری ئیسلامی لە پاش سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ناوچەکە و ڕۆڵی بەرچاو و کاریگەری حاجی قاسم سولێمانی لە پەرەسەندن و بەهێزبوونی ئەم بەرەیە، لەم پێناوەدا بووە.
شەهید سولێمانی لە ڕێگای ژیانی خۆیدا ڕاستگۆیانە و پاکانە بەرەو پێش ڕۆیشت و هیچ کات هەوڵی ئەوەی نەدەدا کە بناسرێت، بەڕێزیان لە هەر پلە و پۆستێکدا کە بوون، ئەرکی خۆیان بە باشترین شێواز جێبەجێ دەکرد و تەمەنی پیرۆزی خۆیان لە پێناو سەرکەوتن و سەربەرزیی ئیسلام بەکار هێنا و لەم ڕێگا مەعنەوییەدا بە توانا و لێهاتوویی زۆرەوە ڕوبەڕوی دوژمنان بوویەوە و بوونە شانازییەکی گەورە بۆ ئێران و جیهانی ئیسلام.
لە هەمان ڕۆژی شەهیدبوونی حاجی قاسم تا بە ئەمڕۆ کە دوو ساڵ تێپەڕ بووە، جیهان کۆمەڵە ڕووداو و گۆڕانکارییەکی بە خۆوە بینیوە. لە ڕێوڕەسمی بەرزڕاگرتنی یادی ئەو شەهیدە ئازیزە تا بەڕێوەچوونی گردبوونەوە و خۆپێشاندانی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر تاوانە تیرۆریستییەکەی ئەمریکا و بەرهەمهێنانی چەندین فیلم لە سەر ژیان و کار و چالاکییەکانی ئەوان، ئەویش نەک تەنیا لە ئێران، بەڵکوو لە وڵاتانی دیکەی وەک عێراق، لوبنان، بۆسنە، سوریا، یەمەن و …. . هەموو ئەمانەش پیشاندەری ئەوەیە کە بەڕێزیان ڕۆڵی گەورەتریان لە فەرماندەیەکی سەربازی هەبووە و نموونە و سمبولی قارەمانیی گەلانی ئازادیخوازی جیهان بوون.
لە ڕاستیدا دەبێت بوترێت کە وڵاتانی ڕۆژئاوا قارەمانی لەم شێوەیان نییە، ئەوان قارەمانیان نییە لە بەر ئەوەی کە ناتوانن قارەمان پەروەردە بکەن، هەر بۆیە کاتێک قارەمانێکی وەک شەهید سولێمانی دەبینن چاوی دیتنیان نییە و هەموو هەوڵ و پیلانێک بۆ لەناوبردنی بەکار دێنن.
قارەمانێکی گەورەی وەک حاجی قاسم سولێمانی خۆی قارەمانانی دیکەشی پەروەردە دەکرد و ئەمەش بۆ دوژمنان و بە تایبەت بۆ ئەمریکا زۆر سەخت و جێی نیگەرانی بوو، هەر بۆیە لە هەنگاوێکی ترسنۆکانەدا شەهیدیان کرد، بێ ئاگا لەوەی کە شەهیدبوونەکەشی وەک مەکتەبێکی پەروەردەکردنی قارەمانەکانە و لایەنگران و شوێنکەوتووانی ئەوان زیاتر دەکات. تێکەڵبوونی خوێنی شەهیدان حاجی قاسم سولێمانی و ئەبومەهدی موهەندیس بووە هۆی یەکڕیزییەکی کەم وێنەی وڵاتانی بەرەی خۆڕاگری، بە ڕادەیەک ئەمریکییەکان بە ناچاری لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وازیان لە هەندێک سیاسەتی دەستێوەردان و دەسدرێژی خۆیان هێناوە./.