بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، توێژینەوەیەکی پزیشکی کە لە لایەن پسپۆڕانی ڕووسیاوە ئەنجام دراوە، پیشان دەدات کە خواردنی ڕۆژانەی قاوە لە کاتی بەیانیدا دەتوانێت لە سەدا 5 کێشە و گرفتەکانی دڵ چارەسەر بکات.
دکتۆر ئانا کۆرینڤیچ پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ لە ڕووسیا ڕایگەیاندووە کە بۆ ئەو کەسانەی کێشەی تەندرووستی دڵیان هەیە و تووشی جۆرەکانی جەڵتەی دڵ بوون، خواردنی یەک یان دوو کوپ قاوە بە شێوازی ڕۆژانە دەتوانێت کاریگەری ئەرێنیی لە سەر تەندرووستی ئەوان هەبێت.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە توێژەران هیچ کاریگەرییەکی نەرێنییان لە سەر دڵ و خوێنبەرەکانی لە کاتی بەکارهێنانی قاوەدا نەدۆزیوەتەوە، کافائین سوڕی خوێن باشتر دەکات و هاندەری چالاکی باشتری مێشک دەبێت و ئەمەش لە کاتی بەیانیدا باشتر دەبێت.
ئەو پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی دڵ هەروەها ئامۆژگاری ئەوەیکردووە کە قاوە بە بێ شیر و شەکر بخورێت لە بەر ئەوەی کە سوودەکانی زیاتر دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە کە زیادکردنی شیر و شەکر لە قاوە ڕەنگە مەترسی توشبوون بە شەکرە زیاتر بکات./.