بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی لە گەڵ سەرکۆنسووڵ و نوێنەرە دیپلۆماسییەکانی وڵاتانی بیانی لە هەولێر ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان باشترین پەیوەندیی لە گەڵ حکومەتی ناوەندیی عێراق دەوێت.
ناوبراو وتی کە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای پەیوەندییەکی باشتر لە گەڵ حکومەتی ناوەندی و چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان بە شێوازی ڕیشەیی و لە چوارچێوەی یاسادا هەنگاو هەڵدەگرێت.
بارزانی هەروەها ڕایگەیاند کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی جۆربەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات، کەمکردنەوەی خەرجییەکان، پێداچوونەوە بە سەر سیستەمی وەرگرتنی باج، ئاسانکاری لە وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بە دیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی هەیە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هەرێم هۆکارێکی گرنگە لە دابینکردنی سەقامگیری ناوچەکە و جەختی لە سەر هەبوونی پەیوەندییەکی باشتر لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ و بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی لە گەڵ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردەوە.
مەسرور بارزانی هەروەها جەختی لە سەر بەردەوامی هاوکارییەکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی تیرۆریستانی داعش بە تایبەت لە ناوچە کێشە لە سەرەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کردەوە و داواشیکرد کە هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان و سوپای عێراق بۆ نەهێشتنی کەلێنە ئەمنییەکان لەو ناوچانە هەبێت./.