بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل کەریم بە ئاژانسی فەرمی عێراقی ڕاگەیاند کە ئەم وڵاتە لە ئێستادا توانای وەبەرهێنانی 22 هەزار مێگاوات کارەبای هەیە بەڵام کەمبوونەوەی ڕێژەی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە وایکردووە کە وەبەرهێنانی کارەبای عێراق زۆر لەمە کەمتر بێت.
ناوبراو وتی کە ئێران بەڵێنی داوە کە لە وەرزی زستان ڕۆژانە 50 ملیۆن مەتری سێجا گاز هەناردەی عێراق بکات بەڵام ڕێژەی گازی هەناردەکراوی ئەم وڵاتە لە ئێستادا تەنیا 8 ملیۆن مەتری سێجایە.
عادل کەریم وتی کە کەمبوونەوەی گازی هاوردەکراو لە ئێرانەوە وایکردووە کە 6 هەزار مێگاوات لە وەبەرهێنانی کارەبای عێراق کەم ببێتەوە.
ناوبراو وتی کە بە هۆی کەمتەرخەمی کابینەکانی ڕابردوو بۆ بەرزکردنەوەی ڕێژەی وەبەرهێنانی ناوخۆیی گاز، تا ساڵانی داهاتوو عێراق پێویستی بە گازی ئێران دەبێت و بۆ ئەمەش هەوڵی دۆزینەوەی سەرچاوەی نوێ دراوە و لە گەڵ قەتەر دانوستان کراوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی کارەبای عێراق وتی کە لە ئەگەری ڕەزامەندیی قەتەر بۆ هەناردەی گاز بۆ عێراق، لانیکەم تا دابینکردنی پێداویستییە لۆجستییەکان زیاتر لە یەک ساڵ کات پێویست دەبێت.
عادل کەریم وتی کە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق میکانیزمێکی پەسەند کردووە کە بڕیارە لە چوارچێوەی پێشنیارێکی نوێ بە ئێران بدرێت و لەم پێناوەدا شاندێک لە وەزارەتی کارەباوە لە سەر ئەو پێشنیارە سەردانی تاران دەکات.
وتیشی کە ئەم میکانیزمە پێدانی قەرزەکانی تایبەت بە هاوردەی گازی ئێران لە سێ ساڵی داهاتوو و بە شێوەی قیست لە خۆ دەگرێت./.