بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا بە ئاماژە بە هێرشێکی میدیایی لە دژی ئەم وڵاتە ڕایگەیاند کە داواکارییەکانی مۆسکۆ بۆ دەستەبەرە ئەمنییەکان کراوەتە ئامانج.
وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لێدوانی بەرپرسانی ئەمریکای لە سەر ئۆکرانیا بە درۆ و پڕوپاگەندە ناو بردووە.
جیک سالیوان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا شەوی هەینی هۆشداریی دایە سەرجەم هاووڵاتیانی ئەمریکی کە لە ماوەی 48 کاتژمێری داهاتوو خاکی ئۆکرانیا بە جێ بێڵن.
ناوبراو وتی کە لە ئێستادا مەترسییەکە ڕووی لە زیادبوون کردووە و ئەمەش ڕێوشوێنی تایبەتی دەوێت.
سالیوان وتی: لە هەلومەرجێکداین کە هەر کات پوتین فەرمان بدات هێرشی سەر ئۆکرانیا دەست پێدەکات.
وتیشی کە هەر کات ئەگەری هێرشێکی خێرا و بەربڵاوی سەربازیی ڕووسیا لە دژی ئۆکرانیا لە ئارادایە و لە ئێستادا زیاتر لە 100 هەزار سەربازی ڕووسی لە سنورەکانی ئۆکرانیا جێگیر کراون./.