بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عێراق لەم ماوەیەدا بە خۆپێشاندان و ئاژاوەگێڕیی لایەنگرانی سەدر پێی نایە قۆناغێکی نوێ و لە ئاکامدا گەیشتە شەڕ و پێکدادانی سەربازی لە ناوخۆی بەغدا و شارەکانی دیکەی باشوری ئەم وڵاتە، ئەو ئاڵۆزییەی کە بە بڕیاری سەدر و بە شێوازی کاتی ڕاگیراوە، بەڵام مەترسییەکان وەک خۆی لە سەر پرۆسەی سیاسی و عێراق بە گشتی ماوەتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا باس لە گرنگترین کێشە و گرفتەکانی ئێستای پرۆسەی سیاسی عێراق دەکرێت.
دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان
یەکێک لە گرنگترین کێشەکان، ناکۆکی لایەنە سیاسییەکانە لە سەر دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان. لە ڕاستیدا لایەنگرانی سەدر بە کشانەوەیان لە پەرلەمان یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی گوشاری خۆیان لە بەرامبەر چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ئەگەری بەڕێوەچوونی هەر دانوستانێک لە دەست داوە.
پرسی دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانی پەرلەمان لە چەند ڕوویەکی دیکەشەوە گرنگیی هەیە، لە بەر ئەوەی کە دەبێت چارەنووسی چەندین پرسی گرنگ یەکلایی بکاتەوە، وەک هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، هەڵبژاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران و ڕاسپاردنی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ، پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجە و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان. لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەرمی ئەوەیان لە بەرامبەر سەدردا پیشان داوە کە لە ئەگەری گرنگیدان و ئامادەبوونی ناوبراو و ڕەوتەکەی بۆ دانوستانی ڕاستەقینە، محەممەد شیاع سودانی وەک کاندیدی سەرۆک وەزیران بگۆڕێت و بۆ ئەمەش پێویستە موقتەدا سەدر بۆ گۆڕەپانی سیاسی بگەڕێتەوە و بە پێی ئەوەی کە ئەم تۆران و گەڕانەوەیە چەندین جار ڕووی داوە، دەبیت چاوەڕوان بین کە بزانین ئەمجارە چ ڕوو دەدات؟
سەرەڕای ئەمەش نابێت لە بیر بکرێت کە بەشێک لە لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەو بڕوایەدان کە دەبێت هەڵوێستێکی بەهێزتریان لە بەرامبەر سەدر و پاوانخوازییەکەی هەبێت، تەنانەت ئەوان پێداگری لە سەر ئەوە دەکەن کە شیاع سودانی تاکە کاندیدی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بێت و لە ژێر هیچ گوشارێکدا نەگۆڕدرێت.
هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار
کێشەی دیکەی ئێستای عێراق ئەوەیە کە پارتی دیمۆکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان تا ئێستا لە سەر کاندیدی هاوبەشی کوردی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتن. بە پێی دەستووری عێراق، سەرەتا دەبێت سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت تا کاندیدی سەرۆک وەزیران بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ ڕابسپێرێت. پارتی دیمۆکرات هێشتا سوورە لە سەر ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵح و مەسعود بارزانی ڤیتۆی لە سەر ئەمەش داناوە، بە لای بەشێک لە ئەندامان و بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئەگەر ئەمە سەر بگرێت بە واتای ئەوە دەبێت کە ئەم حیزبە لە شەڕی ئیرادەدا بەرامبەر بە پارتی و سەرۆکەکەی دۆڕاو دەبێت. پارتی ئامادەیە لە ئەگەری گۆڕینی بەرهەم ساڵح، پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی بێت. پرسیار ئەوەیە کە ئایا بافڵ تاڵەبانی ئامادەیە حیزبەکەی ڕوبەڕوی ئەم کێشەش بکاتەوە کە لە لایەکەوە ئەندامان و لایەنگرانی نیگەران بن و لە لایەکی دیکەوە لە ئەگەری ڕەتکردنەوەی بەرهەم ساڵح و قبووڵکردنی داواکەی مەسعود بارزانی و پارتی دیمۆکراتی کوردستان، یەکگرتن و هاوپەیمانییەک لە نێوان بەرهەم ساڵح و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی پێشووی یەکێتی، داهاتووی ئەم حیزبە دیسانەوە ڕوبەڕوی کێشە و ململانێی ناوخۆیی بکاتەوە. ڕەنگە ئەمەش یەکێک لە پلانەکانی پارتی بۆ تێکدانی ناوخۆی یەکێتی و خوڵقاندنی کێشەی زیاتر بۆ ئەم حیزبە بێت.
ئەگەر یەکێتی بە گۆڕینی بەرهەم ساڵح ڕازی نەبێت، سیناریۆی ساڵی 2018 دووبارە دەکرێتەوە و کورد بە دوو کاندیدی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە دەچێتە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار. ئەڵبەت ڕەنگە پارتی دیمۆکراتی کوردستان بە پێی گۆڕینی هەلومەرجی ناوخۆیی پەرلەمان و بەهێزبوونی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نەمانی هاوپەیمانی سێقۆڵی لە گەڵ سەدر و سوننەکان، ئامادەی وەها سیناریۆیەک نەبێت لە بەر ئەوەی کە دەزانێت شکستی مسۆگەرە.
گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان
ڕەوتی سەدر لە یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان بە تایبەت لە فرە بازنەیی لە ئاستی پارێزگاکان باشترین سوودی بە دەست هێنا و لە بنەڕەتدا گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق لە سەر داوای ئەم ڕەوتە بووە. ئێستا کە ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان نییە، دوور نییە کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی داوای هەموارکردنەوەی یاساکە بکات. گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بۆ هەژمارکردنی دەستیی دەنگەکان بە پێویست دادەنرێت بەڵام بۆ خاڵەکانی دیکە پێویستی بە کۆدەنگی سیاسی هەیە.
دادگای فیدراڵی و ئەگەری هەڵوەشانەوەی پەرلەمان
یەکێکی دیکە لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی عێراق، سکاڵاکەی ڕەوتی سەدرە لە دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشانەوەی خولی ئێستای پەرلەمان. چوارچێوەی هاوئاهەنگیش ڕەزامەندیی لە سەر هەڵوەشانەوەی پەرلەمان هەیە بەڵام داوا دەکات سەرەتا سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێت، کاندیدی سەرۆک وەزیران ڕابسپێردرێت، حکومەتی نوێ پێک بهێندرێت و یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکرێتەوە، پاشان داواکەی سەدریش بۆ دووبارەکردنەوەی هەڵبژاردنەکان پاش 6 مانگ تا یەک ساڵ مسۆگەر دەبێت. ڕەوتی سەدر داوای ئەوە دەکات لە ئێستادا و پێش ئەو خاڵانەی کە باس کرا، پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە. دادگای فیدراڵی بە پێی دۆخی ئێستا کەوتووەتە هەلومەرجێکی دژوارەوە و دوور نییە بڕیارێک بدات پێچەوانەی خواستی هەر دوو لایەنی شێعە، کە واتە بڕیاری ڕێگری لە هەڵوەشانەوەی پەرلەمان دەربکات و لە هەمان کاتیشدا بڕیاری قبووڵکردنی دەست لە کار کێشانەوەی ئەندامانی فراکسیۆنی ڕەوتی سەدر لە پەرلەمان هەڵبوەشێنێتەوە./.