بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، فۆئاد ئیزەدی شرۆڤەکاری کاروباری نێودەوڵەتی ڕایگەیاند کە ئەمریکییەکان کاتێک دەیانەوێت ڕوبەڕوی وڵاتێک ببنەوە کەڵک لە ئامرازە جیاجیاکان وەردەگرن، یەکێک لەو ئامرازانەش هەوڵی پەراوێزخستنە و بە دوو شێوازی ناوخۆیی و دەرەکی دەکرێت.
ناوبراو وتی: شێوازی دەرەکی ئەوەیە کە لە دەرەوە هەوڵ دەدەن ئەو وڵاتان و کۆمپانیانەی کە دەیانەوێت لە گەڵ ئێران هاوکاری بکەن لە بڕیارەکانیان پاشگەز دەکەنەوە. پەیام بەوان دەدەن یان هەڕەشەیان لێدەکەن و گوشاریان دەخەنە سەر کە واز لە هاوکاریکردنی ئێران بێنن. شێوازی ناوخۆییش بە واتای ئەوەیە کە بیر و بۆچوونی بەرپرسانی ئێرانی بە لای ئەوەدا دەبەن کە ئەمریکا کوێخایە و تا ئەو ئیرادە نەکات و موڵەت نەدات، ئێران ناتوانێت پەیوەندییەکی ئاسایی لە گەڵ وڵاتانی جیهان هەبێت و بەم شێوازە بەرپرسانی ئێرانی جەخت لە سەر چارەسەرکردنی کێشەکانیان لە گەڵ ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بکەنەوە.
ئەو شارەزایەی کاروباری ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە هەشت ساڵ سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی لە ئێران ئەم شێوازە ناوخۆییە هەبووە کە بەشێک لە بەرپرسانی ئەو کاتە لەو بڕوایەدا بوون کە ئەمریکا زلهێزە و دەبێت کێشەکان لە گەڵ ئەو وڵاتە چارەسەر بکرێت و ئەگەر لەوەدا سەرکەوتوو نەبووین کە کێشەکان چارەسەر بکەین، لە گەل وڵاتانی دیکەش نابێت کار بکرێت. تەنانەت کاتێک ئەمریکا لە ڕێکەوتنی ناوەکی ئێران کشایەوە باسی ئەوەیان دەکرد کە دەبێت ملکەچی بڕیارەکانی ئەو وڵاتە بێت و تەنانەت ڕێکەوتنەکانی دیکەش قبووڵ بکرێت.
ئیزەدی وتی: مەترسی پەراوێزکەوتن لە ناوخۆوە زیاترە و بەداخەوە کە لە سەردەمی سەرۆکایەتی حەسەن ڕۆحانی بەشێک لەو بەرپرسانەی کە لە وەزارەتەکانی دەرەوە، پیشەسازی و نەوتدا بوون ئەم تێڕوانینەیان هەبوو. هەشت ساڵ وڵات چاوەڕوانی دانوستانەکان و ڕێکەوتنی ناوەکی هەبوو و پاش ئەوەش چاوەڕوانی حکومەتەکەی بایدن بوون کە لەم ساڵانەشدا هیچ ڕووداوێک نەبینرا.
ناوبراو سەبارەت بە شکستی هەوڵەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ پەراوێزخستنی ئێران، وتی: زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە لە لایەن ئەمریکاوە هان دەدران ئێران پەراوێز بخەن، زامداری سیاسەتەکانی ئەو وڵاتەن و بەو ڕاستییە گەیشتوون کە جیهان بەرەو قۆناغێکی چەند جەمسەری دەڕوات و ئێرانیش وڵاتێکی گەورەیە کە سەرچاوەی سرووشتی، مرۆیی و ئابوری زۆری هەیە و سەرەڕای گوشار و بانگەشەی ئەمریکا، ئەو وڵاتانە بەردەوام پەیوەندییان لە گەڵ ئێران هەبووە.
ئەو شارەزا نێودەوڵەتییە وتی: کابینەی نوێی ئێران ئەگەرچی لە سیاسەتی دەرەوە هەندێک لاوازیی پێوە دەبینرێت بەڵام لە ئاستی باڵادا پێچەوانەی کابینەکەی حەسەن ڕۆحانییە و بەو ڕاستییە گەیشتووە کە بە بێ وڵاتانی ڕۆژئاواش دەکرێت پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دیکەش بەردەوام بێت، بۆ نموونە، ئێران بووە ئەندام لە ڕێکخراوی شانگهای و پەیوەندییەکان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ناوچەکە و ئەمریکای لاتین پەرەی پێدرا.
فۆئاد ئیزەدی وتی کە هێز و توانا و دەفرایەتییەکانی ئێران ڕێگریی لە سەرکەوتنی پرۆژەی پەراوێزکەوتنی ئەم وڵاتە لە لایەن ئەمریکاوە کردووە./.