بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ژمارەیەک لە عێراقییەکانی بەشدار لە ڕێوڕەسمی یادی عاشورا هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە چۆنیەتی وەڵامدانەوەی سووکایەتیکردن بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەربڕی.
” زەینولعابەدین جەبار فەرهود ” لە دانیشتووانی کەربەلا، ئامانجی شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) ی بە بەهێزبوون و سەقامگیربوونی ئائینی ئیسلام ناو برد و وتی کە بەم هۆیەوە ئەو ئیمامە گەورەیە فەرموویان ڕاپەڕینم کردووە بۆ چاکسازی لە ئۆممەی ئیسلامی و لەم پێناوەدا لە دژی زوڵم و گەندەڵییەکانی یەزید بێدەنگ نەبوو.
ناوبراو وتی: ئیمام حوسێن (ع) لە پێناو ئامانجەکەیدا هەموو شتێک بە تایبەت بنەماڵەکەیی فیدا کرد و ئێستا دەبینین کە مەزارە پیرۆزەکەی بووەتە شوێنی بەیعەتی هەموو موسڵمانان و ئەوانەی کە حەزیان لەم ئائینە پیرۆزەیە.
جەبار فەرهود وتی: بە هۆی پەرەسەندنی حەزی دانیشتووانی جیهان لە ئائینی ئیسلام، هێرش و دوژمنایەتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە دژی ئەم ئائینە زیادی کردووە و دوژمنان ڕۆژانە سەرقاڵی داڕشتنی پیلانی نوێن.
ئەو زیارەتکارەی کەربەلا بە ئاماژە بە سووکایەتی ئەم دواییە بە قورئانی پیرۆز لە وڵاتی سوید و دانیمارک، وتی: موسڵمانان دەبێت بە یەک هەڵوێستی هاوبەش، هێز و کاریگەری خۆیان لە بەرامبەر دوژمنانی ئیسلام پیشان بدەن.
ناوبراو وتی: دەبێت موسڵمانان و وڵاتانی ئیسلامی پەیوەندییان لە گەڵ ئەو وڵاتانە نەبێت کە سووکایەتییان بە قورئانی پیرۆز کردووە و بایکۆتی کڕینی کاڵا و بەرهەمەکانی ئەوان بکەن و لەم ڕێگایەوە وا لەو وڵاتانە بکەن کە ڕێز لە ئائینی پیرۆزی ئیسلام بگرن و واز لە دوژمنایەتی و پیلانگێڕی لە دژی موسڵمانان بێنن.
” یاسر حەمید نەیجاڕی ” یەکێکی دیکە لە زیارەتکارانی ڕێوڕەسمی ساڵیادی عاشورا لە کەربەلا، ئامانجی شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) ی بە ئازادیخوازی، ڕەتکردنەوەی زوڵم و ملکەچبوونی دوژمنانی ئیسلام ناو برد و وتی: ئێستاش موسڵمانان دەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی دوژمنانی ئیسلام درێژە بە هەمان ڕێباز و ڕێگای شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) بدەن.
ناوبراو سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوید و دانیمارک وتی: جیهانی ئیسلام دەبێت بە یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی ڕوبەڕوی ڕەوتی ستەمکاریی جیهانی و ئەنجامدەرانی تاوانی بێڕێزی بە قورئانی پیرۆز ببنەوە.
” شێخ عەبدولعەزیز ساعدی ” لە دانیشتووانی بەغداش وتی: هۆکاری بە زیندوویی مانەوەی شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) ئەوە بوو کە پشتیوانەکەی قورئان بووە.
ناوبراو وتی: دەستی ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پشتەوەی تاوانەکەی سەلوان مۆمیکادایە و دەبێت وڵاتانی ئیسلامی بە هەڵوێستێکی بەهێز و یەکگرتوو ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوان و بێڕێزی وەها بکەن.
” عەلی سەلمان ” لە دانیشتوانی پارێزگای نیسان ی عێراق وتی: دەبێت وڵاتانی ئیسلامی بە شێعە و سوننەوە لە یەک بەرەدا دژی ئەوەی کە لە سوید و دانیمارک ڕوویداوە بوەستن و ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی تاوانی بێڕێزی و سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز بکەن.
ناوبراو وتی: بانگەشەی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە وڵاتانی ڕۆژئاوا درۆیەکی تەواوە و نابێت ئەم درۆ و بانگەشانە ببێتە پاساوی بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان./.