عاشورا مەکتەبی تازیەباری نییە بەڵکوو مەکتەبی فیداکارییە. گەنجانی ئیماندار زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو لە کەشوهەوای گەرمی ئەمساڵ ڕژانە سەر شەقامەکان تا ئەوە بسەلمێنن کە شوێنکەوتنی مەکتەبی عاشورا ساڵ بە ساڵ زیاتر و بەرفراوانتر دەبێت.
شۆڕشەکەی ئیمام حوسێن (ع) بۆ ئەم جیهانە و بەرژەوەندییەکانی نەبوو، بەڵکوو ئامانجەکەی چاکسازی لە ئۆممەی ئیسلامیدا بوو، وەک چۆن کە بەڕێزیان فەرموویان ” ئایا نابینن کە کار بە کتێبی خودا ناکرێت “، هەر بۆیە بۆ بەرگری لە قورئانی پیرۆز شۆڕش و ڕاپەڕینیان کرد.
ئەو حەشیمەتە زۆرە بە تایبەت گەنجان کە لە ڕێوڕەسمی یادی عاشورا هاتنە شەقامەکان و ڕێزیان لە قورئان گرت، هاتبوون تا پەیامی ئەوە بگەێنن کە ئامادەی بەرگری و گیانفیدایین بۆ قورئانی پیرۆز. ئەوان جەختیان کردەوە کە دەستی ڕەوتی ستەمکاری جیهانی و ڕژێمی زایۆنیستی لە پشتەوەی ئەم پیلانەوەیە کە سووکایەتی بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمان دەکەن. ئامانجەکەشی ڕوونە، دوژمنان دەیانەوێت وڵاتانی ئیسلامی تووشی کێشە و ئاژاوەگێڕی بکەنەوە.
ڕژێمی زایۆنیستی ئەوەی پیشانداوە کە بە پێی پێکهێنانی لە سەر بنەمای ڕەگەزپەرستی و دژە مرۆیی، هەموو هەوڵێک بۆ دژایەتی ئیسلام و بێڕێزی بە پیرۆزییەکانی موسڵمانان بەکار دێنێت.
زایۆنیستەکان لە خۆپێشاندانەکانی خۆیان سووکایەتی بە ئیسلام و پیرۆزییەکانی موسڵمانان دەکەن و بەم بۆنەوە سەید حەسەن نەسروڵڵا وتی کە وەڵامی ئەم سیاسەت و سووکایەتییە دەبێت نیشتمانی، نەتەوەیی، مرۆیی و ئیسلامی بێت. سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئیسلامییەکان، سووکایەتییە بە بیر و بڕوای دوو ملیار موسڵمان لە سەر ئاستی جیهان و بابەتێکی کەسی نییە کە پاساوی بۆ بهێندرێتەوە.
هەمووان دەزانن کە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەورووپی ئەوەی کە ڕەخنە لە ڕژێمی زایۆنیستی بگرێت، بە هەر بیانوویەکەوە دادگایی و سزا دەدەن، بۆ نموونە، ئەوانەی کە گومان لە دۆسیەی هۆلۆکۆست دەکەن، دادگایی دەکرێن.
سەید حەسەن نەسروڵڵا لە پەیامەکەی بە بۆنەی عاشوراوە لە بەرامبەر سووکایەتیکردن بە قورئان هاتە دەنگ و داوای لە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی کرد هەڵوێستی بەهێزیان هەبێت و ئەگەر حکومەتە ئیسلامییەکان ئەرکی خۆیان بە جێ نەهێنن، گەنجان دەبێت ڕاپەڕین بکەن و سزای ئەوانە بدەن کە دەسدرێژی دەکەنە سەر پیرۆزییەکانی موسڵمانان.
پەیامەکەی سەید حەسەن نەسروڵڵا و ئامادەبوونی ملیۆنان کەس بە تایبەت گەنجان لە ڕێوڕەسمی یادی عاشورا بە تایبەت لە وڵاتانی ئێران و عێراق، پێمان دەڵێت کە ئەگەر حکومەتە ئیسلامییەکان بیانەوێت، خەڵک و موسڵمانان توانای ئەوەیان هەیە ڕوبەڕوی پیلانگێڕی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ دژایەتی ئیسلام ببنەوە./.