بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند کە هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە داوای لە وەزیری دەرەوەی سوید کردووە تا هەنگاوی کاریگەر بۆ ڕێگری لە دووبارەکردنەوەی تاوانی سووکایەتی بە قورئانی پیرۆز بگرێتەبەر.
هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاندووە کە بێڕێزی و سووکایەتیکردن بە قورئان و پیرۆزییەکانی موسڵمانان بە پاساوی ئازادی ڕادەربڕین بابەتێکی قبووڵنەکراوە.
ئەمەش لە کاتێکدا کە وەزارەتی دەرەوەی سوید لە وەڵامی نامەیەکی باڵیۆزخانەی عێراق لە شاری ستۆکهۆڵم و هەروەها نوێنەرانی وڵاتانی ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لەم وڵاتە، ڕایگەیاندووە کە حکومەتی سوید هەر هەنگاوێکی دژ بە ئیسلام بە هەر شێوازێک ڕەتدەکاتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی سوید ڕایگەیاندووە کە ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە موسڵمانان لە سوید و وڵاتانی دیکەی جیهان لە وەها کردەوەیەک تووشی ئازار بوون.
وەزارەتی دەرەوەی سوید هەروەها ڕایگەیاندووە کە بێڕێزی بە قورئان و هەر کتێبێکی ئاسمانیی دیکە، سووکایەتی هەژمار دەکرێت و ڕەتدەکرێتەوە./.