بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گومرکی کۆماری ئیسلامی ئێران نوێترین ئاماری تایبەت بە بازرگانی نانەوتیی ئەم وڵاتەی لە 4 مانگەی سەرەتایی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە هەناردەی کاڵای نانەوتی بە لە سەدا 7.97 دابەزین گەیشتووەتە 15 ملیار و 906 ملیۆن دۆلار.
ڕێژەی کاڵای هەناردەکراو لە ڕووی کێشەوە لەم ماوەیەدا 45 ملیۆن و 758 هەزار تەن بووە کە لە سەدا 28.56 بەرزبوونەوەی هەبووە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، لەم ماوەیەدا 11 ملیۆن و 842 هەزار تەن کاڵا بە بەهای 19 ملیار و 539 ملیۆن دۆلار هاوردەی ئێران کراوە کە لە ڕووی کێشەوە لە سەدا 6.18 و لە ڕووی بەهاوە لە سەدا 10.82 بەرزبوونەوەی هەبووە.
ڕاپۆرتەکە بە ئاماژە بەوەی کە ڕێژەی ئاڵوگۆڕە بازرگانییەکانی ئێران لە 4 مانگەی سەرەتایی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی گەیشتووەتە 35 ملیار و 445 ملیۆن دۆلار، ڕایگەیاندووە کە چین، عێراق، تورکیا، ئیمارات و هیندستان 5 وڵاتی یەکەمی ئامانجی هەناردەی کاڵای ئێران بوون کە لە سەدا 75 ی هەناردە لە ڕووی بەهاوە و لە سەدا 76 لە ڕووی کێشی کۆی گشتی هەناردەی ئێران بۆ ئەم 5 وڵاتە بووە.
لەم ماوەیەدا 4 ملیار و 644 ملیۆن دۆلار بۆ چین، 2 ملیار و 927 ملیۆن دۆلار بۆ عێراق، 2 ملیار دۆلار بۆ تورکیا، یەک ملیار و 778 ملیۆن دۆلار بۆ ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و 624 ملیۆن دۆلار بۆ هیندستان هەناردە کراوە.
ڕاپۆرتەکەی گومرکی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی بە 5 ملیار و 818 ملیۆن دۆلار، چین بە 5 ملیار و 558 ملیۆن دۆلار، تورکیا بە 2 ملیار و 90 ملیۆن دۆلار، هیندستان بە 718 ملیۆن دۆلار و ئەڵمانیا بە 704 ملیۆن دۆلار ئەو 5 وڵاتە بوون کە زیاترین هەناردەیان بۆ ئێران هەبووە.
لە سەدا 62 ی کۆی گشتی هاوردەی ئێران لە ڕووی کێش و لە سەدا 76 لە ڕووی بەهاوە لەم ماوەیەدا لەم 5 وڵاتەوە بووە.
ڕاپۆرتەکە سەبارەت بە ڕێژەی ترانزێتی دەرەکیش ڕایگەیاندووە کە لە 4 مانگەی سەرەتایی ساڵی 1402 ی کۆچی هەتاوی، 4 ملیۆن و 783 هەزار تەن کاڵا لە ڕێگای ئێرانەوە ترانزێت کراوە کە بەراورد بە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو لە سەدا 1.74 دابەزیوە./.