بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سەید حەمید حوسێنی بە ئاماژە بە ڕێکەوتنەکەی ئەم دواییەی ئێران و عێراق، وتی: تا 5 ساڵی ڕابردوو ئێران تەنیا کارەبای هەناردەی عێراق دەکرد و بە شێوازی جیاجیاش پارەکەی وەردەگرت، لە 6 ساڵی ڕابردووەوە هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق خرایە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەمەش هاوکات بووە لە گەڵ گەڕانەوەی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا.
داهاتی نەوت و سیستەمی بانکیی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە بە بارمتە گیراوە
حوسێنی وتی: سیستەمی بانکیی عێراق بە تەواوی دۆلاری و لە ژێر چاودێری ئەمریکادایە. عێراق داهاتی هەناردەی نەوتەکەی بە دۆلار وەردەگرێت و بە گشتی سیستەمی بانکیی عێراق لە سەر بنەمای دۆلارە. پاش ڕووخانی دەسەڵاتەکەی سەدام، پارەی نەوتی عێراق بۆ دانەوەی زیانی وڵاتانی دیکە لە بانکەکانی ئەمریکا هەڵدەگیرێت تا زیانەکان بەو وڵاتانە بدرێنەوە بەڵام سەرەڕای تەواوبوونی قەرزەکان، هێشتا داهاتی نەوتی عێراق وەک بارمتە لای ئەمریکا ماوەتەوە.
سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران وتی: لە پرسی وەرگرتنی قەرزەکانی ئێران لە عێراق، تەنیا ئامراز ئەوەیە کە گوشارەکان لە سەر ئەم وڵاتە چڕ بکرێتەوە تا لە گەڵ ئەمریکا دانوستان بکات، ماوەیەکی زۆر لێخۆشبوون لە سزا و گەمارۆکان وەربگرێت و ئەمەش لە چەندین مانگی ڕابردوو چەندین جار ڕوویداوە.
ناوبراو وتی کە دیار نییە کە قەرزی هەناردەی گازی ئێران لای عێراق چەندە. فۆئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمەی بە 18 ملیار دۆلار ناو بردووە، ڕەنگە زۆری باس کردبێت بۆ ئەوەی موڵەت لە ئەمریکییەکان وەربگرێت. سەرۆکی بانکی ناوەندی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە قەرزەکان 11 ملیار دۆلارە.
لە 20 ساڵی ڕابردوو ئێران 120 ملیار دۆلار هەناردەی بۆ عێراق هەبووە
سەید حەمید حوسێنی وتی: بە پێی ڕێکەوتنی نوێی ئێران و عێراق بڕیارە بەشێک لە قەرزەکانی ئێران لە ڕێگای وەرگرتنی ڕۆژانەی 30 هەزار بەرمیل نەوت و 70 هەزار بەرمیل نەفتاوە بدرێتەوە. بە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنە لەم مانگەدا نزیکەی 5 تا 6 ملیۆن دۆلاری ڕۆژانە لە قەرزی هەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق دەدرێتەوە کە ئەڵبەت کەمە، لە بەر ئەوەی کە ئاماژە درا ڕێژەی قەرزەکانی ئێران نزیکەی 15 ملیار دۆلارە.
ناوبراو وتی: بەداخەوە کە میدیاکانی ئێران تێڕوانینێکی ئەرێنییان لە سەر پەیوەندییە ئابورییەکانی تاران و بەغدا نییە و وا دەزانن کە لە بەرژەوەندی ئێراندا نییە، لە کاتێکدا کە ئێمە لە 20 ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا نزیکەی 120 ملیار دۆلار کاڵامان هەناردەی عێراق کردووە و پارەکەشمان وەرگرتووە و ئێستا بە هۆی سزاکانەوە تووشی کێشە بووین.
سزاکان نابنە ڕێگر لە هەناردەی نەوتی عێراق لە لایەن ئێرانەوە
سەرۆکی یەکێتی هەناردەکارانی نەوت، گاز و پترۆکیمیای ئێران وتی: ڕێکەوتنی ئەم دواییە لە گەڵ عێراق بۆ ئێران بەسوود دەبێت، لە بەر ئەوەی کە کێشەی هەناردەی نەفتامان نییە و ئەم بەرهەمە نەوتییە بە ئاسانی لە سەردەمی سزاکاندا هەناردە دەکرێت. ڕۆژانە 70 هەزار تەن لەم بەرهەمە لە لایەن ئێرانەوە هەناردە دەکرێت و خواستێکی زۆری لە سەرە. 70 هەزار بەرمیلەکەی عێراق کە نزیکەی 10 هەزار تەنە بۆ بازاڕی هەناردەی ئێران زۆر نییە، ئێستا کەرتی تایبەتی عێراق داوای کڕینی ئەم نەفتایە لە ئێران دەکات و ئامادەیە پارەکەشی بدات.
حوسێنی وتی: نەوتی خاوی عێراق سزای لە سەر نییە و ئێمە دەتوانین لە بەندەرەکانی ئەم وڵاتە نەوتەکە وەربگرین و بە نرخێکی زۆر و بێ داشکان هەناردەی بکەین، سزاکان نابنە ڕێگر لە بەردەم هەناردەی نەوت و نەفتای عێراق لە لایەن ئێرانەوە، بە بۆچوونی من بەم ڕێکەوتنە سزاکانی ئەمریکا لە پەیوەندییە ئابورییەکانی ئێران و عێراق بێ کاریگەر بووە.
بە ئاڵوگۆڕی وزە دەتوانین کۆتایی بە زاڵبوونی ئەمریکا لە پەیوەندییەکانی ئێران و عێراق بێنین
سەید حەمید حوسێنی وتی: بە بۆچوونی من بۆ ئەوەی کە سزاکان کێشە لە بەردەم وەرگرتنی پارە و قەرزەکانی ئێران درووست نەکات، دەبێت ڕێکەوتنی هەناردەی گاز بۆ عێراق لە شێوازی حکومی بێتە دەرەوە و کەرتی تایبەتی ئێران ئەم ئەرکە لە ئەستۆ بگرێت لە بەر ئەوەی کە بە ئاسانی دەتوانێت پارەکەی وەربگرێتەوە، عێراقییەکان بەمە ڕازین و دەتوانن بە ئاسانی پارەی کەرتی تایبەتی ئێران بدەنەوە.
ناوبراو وتی: ئێستاش کەرتی تایبەتی ئێران 10 ملیار دۆلار بازرگانی لە گەڵ عێراق دەکات و پارەکەشی بۆ وڵات دەگەڕێتەوە و باشترە هەناردەی گاز و کارەباش بدرێتە کەرتی تایبەتی ئێران و عێراقییەکانیش بۆ ئەمە ئامادەن بەڵام وەزارەتی نەوت و وزەی ئێران هێشتا ڕەزامەندیی لە سەر نەداوە./.