بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، چارڵز ئێبی نادر شارەزای بواری سەربازی و ستراتیژیی عەرەب جەختیکردەوە کە نزیکبوونەوەی ئێران و سعوودیە بووەتە هۆی ئەوەی کە واشنتن بیانووی مانەوەی سەربازیی خۆی لە ناوچەکە لە دەست بدات بەڵام لە هەمان کاتدا هەوڵ دەدات بیانووی نوێ بۆ بەردەوامیدان بە مانەوەی سەربازیی خۆی بدۆزێتەوە.
ناوبراو بە ئاماژە بە پلانی ئەمریکا بۆ پتەوکردنی پێگەی سەربازیی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس، وتی: ئەم هەنگاوەی ئەمریکا چەندین پەیامی لە گەڵدایە کە یەکەم پەیام ئاراستەی ئێران دەکرێت کە ئەم وڵاتە ناتوانێت پێگەی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس بە تایبەت لە بواری نەوتدا بپارێزێت، لە بەر ئەوەی کە ئامانجی سەرەکیی سزا و گەمارۆکانی ئەمریکا سفرکردنی هەناردەی نەوتی ئێرانە بەڵام بە کردەوە و لە پاش چەندین ساڵ لە جێبەجێکردنی گەمارۆکان، ئێران هەمان ڕێژەی پێش سەپاندنی گەمارۆکان هەناردە دەکاتەوە.
ئەو شارەزایەی عەرەب ڕایگەیاندووە کە پەیامی دووەمی واشنتن بۆ هاوپەیمانەکانی خۆیە لە ناوچەکە. ئەمریکا لە پاش دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێران و سعوودیە بیانوویەکی بۆ ئاڵۆزکردنی ڕەوشی ناوچەکە نەماوە و هەوڵی دۆزینەوەی بیانووی نوێ بۆ ئەم مەبەستە دەدات.
ئێبی نادر جەختیکردەوە کە ئەمریکا لە ڕێگای خوڵقاندنی قەیران لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە دەدات.
هەروەها هادی ئۆفۆقهی دیپلۆماتکاری پێشووی ئێران ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا هەوڵ دەدات هاوسەنگی ئێستای ناوچەکە و بوونی پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی ڕووسیا و چین تێک بدات.
ناوبراو وتی کە ئەمریکا دژی هاوسەنگییە لە بوونی پەیوەندییەکانی وڵاتانی ناوچەکە لە گەڵ ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، لە کاتێکدا کە وڵاتانی ناوچەی کەنداوی فارس لە ئێستادا گرنگی بەم سیاسەتە دەدەن و هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانیان لە گەڵ ڕۆژهەڵات بە تایبەت چین دەدەن.
ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئێران بە ئاماژە بەوەی کە کاتێک ئاشتەوایی ئێران و سعوودیە لە پەکینەوە ڕاگەێندرا، ئەمریکا ژێردەریاییەکی ناردە ناوچەی کەنداوی فارس، کاتێک پرسیار لە بەرپرسێکی ئەمریکی کرا کە ئامانجی ئەمریکا لە ناردنی ژێر دەریاییەکە چییە؟ وتی کە ئەمریکا دەیەوێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ئێران دڵنیایی بە هاوپەیمانەکانی بدات.
ئۆفۆقهی وتی: ئەمریکا چیدی بیانووی مانەوەی لە ناوچەکە نەماوە و پەیوەندییەکانی ئێران لە گەڵ وڵاتانی عەرەبی بە تایبەت قەتەر، عۆمان و ئیمارات زۆر باشە و بڕیارە محەممەد بن زاید سەرۆکی ئیمارات لە سەر بانگهێشتی فەرمی ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران سەردانی تاران بکات.
ناوبراو وتی: فەرماندەی هێزی دەریایی ئەرتەشی کۆماری ئیسلامی ئێران پلانی ڕێکەوتن و جێبەجێکردنی مانۆڕە سەربازییە هاوبەشەکانی لە گەڵ وڵاتانی ناوچەکە بۆ دابینکردنی ئاسایشی زیاتر کەنداوی فارس خستووەتە ڕوو، هەروەها حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێرانیش لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە، پێشنیاری وتووێژی ناوچەیی بە دوور لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا و ڕژێمی زایۆنیستی ئاراستەی وڵاتانی کەنداوی فارس کردووە.
دکتۆر موسلم شەعیتۆ بەڕێوەبەری ناوەندی کەلتوریی ڕووسی – عەرەبی، پێشبینی ئەوەیکردووە کە لە داهاتوودا لە نێوان هێزی دەریایی ئێران کە سنورە ئاوییەکانی ئەم وڵاتە دەپارێزن و هێزەکانی ئەمریکا کە لە کەشتییە نایاساییەکان و قاچاخچییەکانی ناوچەکە پشتیوانی دەکەن، شەڕ و پێکدادان ڕوو بدات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەمریکا نیگەرانی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەیە، بە تایبەت ئەوەی کە ئێران بەشداریی لە چەندین مانۆڕی دەریایی بە ئامادەبوونی هێزی دەریایی ڕووسیا کردووە و ئەمەش ڕۆڵی لە گۆڕینی هاوسەنگی هێز لە ناوچەکەدا دەبێت./.