بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی بە گێڕانەوە لە پێگەی عەرەبی 21، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا کە پێش هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی سەرۆکایەتی لەم وڵاتە بە ئەرێنی باسی سوریای دەکرد، پاش سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکان تا ڕادەیەک گۆڕانکاریی لە هەڵوێستەکانیدا کردەوە بەڵام دەرگای بە ڕووی ئەم بژاردەیەدا دانەخستووە. ڕەنگە ئەردۆغان هەست بەوە بکات کە لە ئێستادا پێویستە سەرەتا پەیوەندییەکانی لە گەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا ڕێکبخاتەوە و بەم هۆیەوە بە قبووڵکردنی ئەندامێتی سوید لە ڕێکخراوی ناتۆ، پەیوەندییەکانی لە گەڵ ئەم ڕێکخراوە باشتر کردووە و هەروەها پاڵپشتییەکانی بۆ ئۆکرایناش زیاتر کردووە.
سەرۆک کۆماری تورکیا چارەسەرکردنی کێشە و قەیرانە ئابورییەکانی وڵاتەکەیی لە ئێستادا وەک ستراتیژێک دیاریکردووە، نزیکبوونەوە لە دەسەڵاتی سوریاش دەسکەوتی ستراتیژیی بۆ ئەنکەرە دەبێت، بۆ نموونە، گەیشتن بە چارەسەری قەیرانی ئاوارەکانی سوریا لە تورکیا ئاسانتر دەکات، ئەم قەیرانە بەردەوام بۆ خەڵکی تورکیا و ئەردۆغان نیگەرانییەکی گەورە بووە و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق، نەخشەڕێگایەکی ڕوون بۆ داهاتووی زیاتر لە سێ ملیۆن و 600 هەزار ئاوارەی سوری لە تورکیا دابین دەکات.
چارەسەرکردنی قەیرانی ئاوارەکانی سوریا، ڕێژەی گوشارەکان لە سەر کۆمەڵگای تورکیا کەم دەکاتەوە و بەرە بەرە ئابوریی ئەم وڵاتە بەرەو باشتربوون دەبات. گەڕانەوەی ئاوارەکان، گوشارەکانی سەر ژێرخانەکانی تورکیا و تێچووی بەکارهێنانی سووتەمەنی و گاز کە تورکیا لە دەرەوە هاوردەی دەکات، کەم دەکاتەوە.
گەڕانەوەی ئاوارەکانی سوریا، پێگەی ئەردۆغان لای دەنگدەرانی تورکیا بەرزتر دەکاتەوە، لە بەر ئەوەی کە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ناوبراوە لە کاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی تورکیا. داخستنی دۆسیەی ئاوارەکانی سوریا دەرفەتی ئەوە دەداتە ئەنکەرە کە کات و وزەی خۆی بۆ پرسی ڕوبەڕوبونەوەی گرووپە کوردییەکان بەکار بێنێت کە بوونی ئەوان بە هەڕەشە لە سەر ئاسایشی نیشتمانی و سنورەکانی خۆی دەزانێت.
دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق بە پاڵپشتی مۆسکۆ، پێگەی ئەردۆغان لە نێو وڵاتانی جیهان بەهێزتر دەکات، بە تایبەت ئەوەی کە سەرۆک کۆماری تورکیا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدا بووە خۆی وەک سەرکردەیەکی میانەڕۆ و سەربەخۆ پیشان بدات کە سەر بە هیچ بەرەیەک نییە و جێبەجێکاری فەرمانی وڵاتانی ڕۆژئاواش نییە، بەڵکوو سیاسەتی دەرەوەی بە پێی بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵاتەکەی دادەڕێژێت.
ئەوەی کە بووەتە ڕێگر لە بەردەم دانوستانەکانی دەستپێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و سوریا، پێداگری بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری سوریایە لە سەر کشانەوەی تەواوی هێزەکانی تورکیا لە خاکی وڵاتەکەی. ئەنکەرە ئەم مەرجە لە هەلومەرجی ئێستای ناوچەکانی باکوری سوریا ڕەتدەکاتەوە و ئامانج لە ناردنی هێزەکانی بۆ باکوری سوریا بە پاراستنی تورکیا لە بەرامبەر تیرۆریزم دەزانێت نە داگیرکردنی خاکی ئەم وڵاتە. چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە تەنیا بە نێوەندگێڕیی ڕووسیا دەکرێت کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکانی ئەنکەرە و دیمەشق هەوڵ دەدات./.