بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەگەر لە خواردنی گۆشتی سوور بوەستیت و لە جیاتی ئەو خواردنانە بخۆیت کە ڕیشاڵ و کانزاکان و ڤیتامین لە پێکهاتەکەیاندا هەیە، ئەنجامی باشی تەندرووستیی دەبێت و جەستە لە ژەهر پاک دەکاتەوە.
پسپۆڕان ڕوونیدەکەنەوە کە خۆر خواردنی گۆشت مرۆڤ تووشی گێژبوون و سەرئێشە و هەوکردن و شەکرە و جەڵتە دەکات، لە کاتێکدا ڕێژەی کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بۆ لە سەدا 35 بەرز دەکاتەوە.
بۆ ئەمەش پێویستە کەم کەم گۆشت بخورێت تا جەستە بەهێز بێت و تووشی گرفتی تەندرووستی نەبێت.
زیانەکانی گۆشتی سوور؛
پێویستە چۆن و کەی بخورێت؟
زۆرخواردنی گۆشتی سوور بە تایبەت گۆشتی ئامادەکراو وەک هەمبەرگر و ستیک و گۆشتی قوتو یان برژاو و سورەوکراو چەندین دەرەنجامی تەندرووستی خەراپی لێدەکەوێتەوە کە ئاماژە بە گرنگترینیان دەدرێت:
1 – بەرزکردنەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی ڕیخۆڵە و کۆم، سورێنچک، سیی، پەنکریاس، منداڵدان، مەمک، گەدە، گرێ لیمفاوییەکان، پرۆستات و میزەڵدان.
2 – زیاتربوونی ڕێژەی نەخۆشییەکانی دڵ و بەرزبوونەوەی فشاری خوێن و تەسکبوونەوە و گیرانی بۆری خوێن و بەرزی ئاستی چەورییە خەراپەکانی ناو خوێن.
3 – بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دووەم.
4 – زیاتربوونی کێشی جەستە و قەڵەوی.
5 – بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر ئەگەر بە بەردەوامی بڕێکی زۆری لێبخورێت و بە تایبەت ئەگەر گۆشت چەوری زۆری لە گەڵ بێت.
6 – بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەوکردن لە جەستە بۆ نموونە هەوکردنی جومگە و برین.
7 – بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی گاوت.
8 – لاوازی سێکسی لە پیاو و بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەزۆکی لە هەر دوو ڕەگەزدا.
9 – زۆربوونی ڕێژەی بەربەستی و دابەزینی کاریگەری دەرمانی دژە زیندەگیەکان (ئەنتی بایۆتیک).
10 – بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی ژەهراویبوون بە خۆراک لە ڕێگەی میکرۆبەوە و دروستبوونی کرمی شریتی.
11 – بەرزبوونەوەی ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەکانی پێست پێش پیری.
12 – تێکچوونی کاری کۆئەندامی هەرس، لە بەر ئەوەی کە گۆشتی سوور پێویستی بە کاری زۆرتر هەیە بۆ هەرسکردنی، گۆشتی سوور بڕێکی زۆر وزەی تێدایە و ئەو کەسە لە خواردنی سەوزە و میوە دوور دەکەوێتەوە کە دەبێتە هۆی کەمی مادە ڕیشاڵەکان لە جەستەدا.
13 – ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی هەوکردنی مێشک و کۆئەندامی دەمار کە لە ماوەی هەشت مانگدا نەخۆشەکە دەکوژێت.
باشترین شێوازی تەندرووست بۆ خواردنی گۆشت:
هەر یەک لە ئێمە ڕۆژانە گۆشتی سوور بە کار دەهێنین لە ژەمە خۆاردنەکانماندا بەڵام کەی و چۆن بەکاری بێنین تەندرووستە و زیان بە تەندرووستیمان ناگات؟
1 – پێویستە ڕۆژانە لە 70 گرام زیاتر گۆشتی سوور نەخورێت و باشتر وایە کە 40 گرام بێت.
2 – دوورکەوتنەوە لە خواردنی ئەو چەوری و بەزەی کە لە گەڵ گۆشتی سووردایە.
3 – گۆشتی سوور باشتر وایە بە کوڵاوی بخورێت نەک بە سورەوکراوی و برژاوی، ئەگەر برژاویش بێت پێویستە زۆر نەبرژێت و نەسووتێت.
4 – پێویستە بڕێک سەوزە و میوە بخورێت و ئاو بخورێتەوە لە گەڵ گۆشتی سوور.
5 – ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانە لە گەڵ خواردنی گۆشتی سووردا.
6 – دوورکەوتنەوە لە خواردنی گۆشتی ئامادەکراو وەک هەمبەرگر و ستیک و گۆشتی قوتو.
7 – دوورکەوتنەوە لە خواردنی شیرینی و خواردنەوەی گازی و کحولییەکان./.