بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ” بەشار ئەسەد “ سەرۆک کۆماری سوریا لە چاوپێکەوتنی کەناڵی ” سکای نیوز “ وەڵامی چەندین پرسیاری سەبارەت بە دۆسیە جیاجیاکان دایەوە.
ئێران و ڕووسیا دۆستانی سوریان
سەرۆک کۆماری سوریا لەو چاوپێکەوتنەدا وتی: پەیوەندییەکان لە گەڵ ئێران و ڕووسیا ئەوەی سەلماندووە کە سوریا دەزانێت چۆن دۆستانی بە درووستی هەڵبژێرێت. بەڵام سەبارەت بە پەیوەندییەکان لە گەڵ تورکیا، هەندێک پرسیار دەکەن کە ئایا بەرەوپێشچوون هەبووە؟ تورکیا وڵاتێکی دراوسێی ئێمەیە و ئاساییە کە هەوڵی باشتربوونی پەیوەندییەکان بدەین، ئەگەر هەلومەرجێکی جیاواز لە پاش کشانەوەی تورکیا بۆ باشتربوونی پەیوەندییەکان بێتە پێشەوە، ئاساییە کە بۆ ئەم سیاسەتە بگەڕێینەوە، واتە پەیوەندییەکی باش لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ، ئەمە لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئێمەدا بنەمایەکن و سیاسەتێکی کاتی و تەکتیکی نین.
بەشار ئەسەد وتی: لە هەندێک ڕووەوە دەکرا ڕێگری لە شەڕی سوریا بکرێت، ئەگەر ئێمە سەرجەم مەرج و داواکارییەکانمان قبووڵ دەکرد، داواکارییەکانیش وازهێنان لە مافەکان و بەرژەوەندییەکانی سوریا بووە. بەم هۆیەوە دەڵێم کە ئێمە قەد ئەوەمان قبووڵ نەدەکرد، ئەمەش بە واتای ئەوەیە کە ئەگەر ڕێگریمان لە شەڕ دەکرد، لە داهاتوودا باجی قورسترمان دەدا.
ناوبراو وتی: پێشبینی ئەوەمان نەدەکرد کە ئاستی کاولکارییەکان هێندە زۆر بێت، لە بەر ئەوەی کە ئێمە ئاگاداری پیلانە داڕێژراوەکان نەبووین. ئەوەمان دەزانی کە پیلان لە دژی سوریا هەیە و هەر لە دەستپێکی شەڕەکەوە ئەوەشمان دەزانی کە بە پێچەوانەی ڕابردووەوە ئەم شەڕە شەڕێکی کاتی نییە و درێژخایەن دەبێت بەڵام ئاگاداری وردەکارییەکان نەبووین و کەس چاوەڕوانی ئەمەی نەدەکرد.
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: ئێمە لە بەرامبەر ئەو سیناریۆیانەی کە لە میدیاکاندا بانگەشەیان بۆ دەکرا، زانیاری و ووشیاریمان هەبوو، سیناریۆکان بە ئامانجی ترس و تۆقاندنی خەڵک بوو، ئامانجیش قەزافی نەبوو، لیبیا نەبوو، سەدام نەبوو، بەشار ئەسەد نەبوو، بەڵکوو سوریا بوو.
بەشار ئەسەد وتی: تیرۆریزم هەیە و وڵاتی ئێمە شەڕی دژ بە تیرۆر دەکات، تیرۆرە کە دەکوژێت، دەڕووخێنێت و دەسووتێنێت. ئایا ئەمە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بوو کە نیشتمانی ڕووخاند و دەبێت موڵەتی ئەوە بدەین کە تیرۆریزم وڵات ئاوەدان بکاتەوە؟ ئەمە بە پێی هیچ لۆژیکێک نییە. هەر بۆیە بەرپرسی ئەم کاولکارییانەش کەسێکە کە هاوڕێی تیرۆر بووە، نە کەسێک کە لە بەرامبەر تیرۆریزم بەرگریی لە وڵات کرد. ئەو کەسە بەرپرسیارە کە ویستی شەڕی هەبوو و بۆ شەڕ نەخشەی هەبووە و دەسدرێژیی کردووە، نە ئەو کەسەی کە هێرش و دەسدرێژیی کراوەتە سەر.
خۆڕاگریی دۆستان لە گەڵ ئێمە ڕۆڵی گرنگی لە شەڕەکەدا هەبووە
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: ئێمە سەرەتا باسی ئەوەمان نەکرد کە وڵاتێکی زلهێزین، ئەوەشمان باس نەکردووە کە دەتوانین شەڕی دژ بە جیهان بکەین، هەر بۆیە ئاساییە کاتێک داوای هاوکاریمان لە دۆستانی خۆمان کرد، لە گەڵ ئێمە بن، بە هۆی ئەوە بوو کە ئێمە پێویستمان بە پاڵپشتی ئەوان هەبووە. خۆڕاگری و بوونی دۆستان لە گەڵ ئێمە، کاریگەری زۆری لە مانەوەی سوریا هەبووە بەڵام ناتوانین موڵەتی ئەوەش بە دۆستان بدەین کە لە شەڕ و ئەم مانەوەدا ببنە جێگرەوەی ئێمە، لە بەر ئەوەی کە مانەوەی ڕاستەقینە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە.
سوریا بەردەوام بەرەنگاری بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان بووەتەوە
بەشار ئەسەد وتی: ئەگەر ئێمە هەوڵی هاندان و پەرەپێدانی بازرگانیی مادە هۆشبەرەکانمان لە سوریا داوە، بە واتای ئەوەیە کە ئێمە بووین کە تیرۆریستانمان هانداوە بێنە سوریا و بڕووخێنن و بکوژن، لە بەر ئەوەی کە ئەنجامەکەی یەکسانە. بەرژەوەندییەکان لە چیدایە؟ کاتێک کە سەرەتا ئەمریکییەکان، پاشان ڕۆژئاوا و دواتریش ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە هەوڵی ئەوەیاندا بە هۆکاری سیاسی لە پرسی مادە هۆشبەرەکان لە دژی سوریا کەڵک وەربگرن، هەر لەو کاتەدا یەکەم کەس بووین کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیارەدە مەترسیدارە هاوکاریمان کرد. هەر بۆیە هیچ کات ئەو تۆمەتانە قبووڵ ناکەین کە باس لە ڕۆڵی حکومەت لە بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکاندا دەکەن.
ئەمریکا تەنیا بەرژەوەندی خۆیی دەوێت
سەرۆک کۆماری سوریا وتی: وتووێژەکان لە گەڵ ئەمریکا پچڕاوە و لەو کاتەوە هیچ هیوایەکمان بە گۆڕانکاری لەو وڵاتەدا نەماوە، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا تەنیا بەرژەوەندی خۆیی دەوێت و هیچ بە کەسی دیکە نادات. ئەمە ناسنامەی پەیوەندییەکانە لە گەڵ ئەمریکا، هەر بۆیە ئێمە هیچ هیوایەکمان نییە بەڵام سیاسەتمان ئەوەشە کە هیچ دەرگایەک بە داخراوی ناهێڵینەوە.
تیرۆریزم لە سوریا دەستکردی تورکیایە
ناوبراو وتی: بێ پلان و ئامادەکاری، چۆن من و ئەردۆغان کۆببینەوە؟ ئێمە ئامانجێکی ڕوونمان هەیە و ئەویش کشانەوەی تورکیایە لە سوریا، لە کاتێکدا کە ئامانجی ئەردۆغان شەرعییەتدانە بە بوونی هێزەکانی لە خاکی سوریا، هەر بۆیە ئەم کۆبوونەوە ناتوانێت بە پێی مەرجی ئەردۆغان بێت. ئەو تیرۆریزمەی کە لە سوریادا هەیە، دەستکردی تورکیایە. بەرەی نوسرە و ئەحراری شام و ناوەکانی دیکە، هەمووی سەر بە تورکیان و تا ئێستاش لە لایەن ئەم وڵاتەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن.
سزاکانی ئەمریکا گەورەترین بەربەست نییە
بەشار ئەسەد سەبارەت بە سزا و گەمارۆکانی ئەمریکاش وتی: بێگومان کە سزاکان بەربەستێکی بەردەم کەرتی ئابورین بەڵام ئێمە بە چەند ڕێگایەک هەوڵی ئەوەمان داوە ئەم سزایانە تێپەڕ بکەین و چیدی سزاکان گەورەترین بەربەست نین. بەربەستی گەورەتر، ڕووخانی ژێرخانەکانە لە لایەن تیرۆریستانەوە. بەربەستی گەورەتر وێنەی شەڕە کە ڕێگری لە هاتنی وەبەرهێنەر بۆ سوریا دەکات. بەربەستی گەورەتر کاتە. ئێوە بە ئابوری دەتوانن پەیوەندییەکان لە ماوەی چەندین هەفتە و چەندین مانگدا بڕووخێنن بەڵام بۆ زیندووکردنەوەی پێویست بە چەندین ساڵ کات دەکات.
ئیسرائیل وەک دوژمنی سوریا دەمێنێتەوە
سەرۆک کۆماری سوریا سەبارەت بەوەی کە ئایا وڵاتەکەی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ڕژێمی زایۆنیستی، پێشنیاری پێگەیشتووە یان نە؟ وتی: نە بە هیچ شێوازێک، لە بەر ئەوەی کە ئەوان هەڵوێستی ئێمە لە سەرەتای دانوستانەکانی ئاشتی لە ساڵی 1990 تا ئێستا دەزانن.
بەشار ئەسەد وتی: سوپای سوریا بە تۆمەتی هەبوونی ئێران بە ئامانج دەگیرێت و ئەم هەلومەرجە تا ئەو کاتەی کە ئیسرائیل دوژمنی ئێمەیە، بەردەوام دەبێت. هەروەها بەردەوام دەبێت تا کاتێک بتوانین نەخشەی تیرۆریستان ڕوبەڕوی شکست بکەینەوە، لە بەر ئەوەی کە هێرشەکان کاتێک دەستیپێکرد کە سوپای سوریا لە قۆناغەکانی شەڕدا سەرکەوتنی بە دەست هێنا. تا ئەو کاتەی کە ئیسرائیل دوژمنە و هاوکاری تیرۆریستان دەکات، ئەم دۆخە گۆڕانکاری بە سەردا ناکرێت./.