بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئەمین حەتیت شارەزای کاروباری ستراتیژی و سەربازی لە شرۆڤەی ئامانجەکانی ئەمریکا لە زیاترکردنی بوونی سەربازیی خۆی لە ناوچەی کەنداوی فارس، وتی: ئامانجی ئەمریکا یان ئامادەبوونە بۆ شەڕ یان شەڕی دەروونی و یان مەشق و ڕاهێنان و ئامادەکردنی هێزەکانی خۆیە.
ناوبراو وتی: ئەڵبەت ئامانجی سێهەم بە دوور دەزانم، لە بەر ئەوەی کە ئەمریکا لەم هەلومەرجەدا پێویستی بە مەشق و ڕاهێنان و ئامادەکردنی هێزەکانی بۆ جێگیربوون لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، هەر بۆیە ئەو دوو ئامانجەکە دەمێنێتەوە کە یەکەم ئامادەبوونە بۆ شەڕ و ئەوی دیکەش سەلماندنی بوونی خۆی وەک ئامرازی گوشار و پیشاندانی هێزە.
ئەو شارەزا سەربازییە وتی: پرسیار ئەوەیە کە ئایا ئەمریکا لەم کاتەدا دەیەوێت شەڕێک دەست پێبکات؟ لە وەڵامدا پێویستە بوترێت کە ئەوەی کە لە دۆخەکەدا دەبینرێت، ستراتیژی هێزی سەخت شکستی هێناوە و ئەمریکاش هیچ کات ئامادە نییە ئەو شەڕانە دووبارە بکاتەوە کە ئەنجامی پێچەوانەی بۆی هەبووە یان ئەوەی کە بە ڕواڵەت لە گۆڕەپانی ئەو شەڕانەدا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە بەڵام بە کردەوە ئاسەوار و کاریگەرییەکانی هەر ئێستاش بەرۆکی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە. نموونەی ئەم ڕاستییە لە ئەفغانستاندا دەبینرێت. هەر بۆیە بە دووری دەزانم کە ئەمریکا بیەوێت شەڕێکی نوێ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەست پێبکات، بە تایبەت ئەوەی کە شەڕی ئۆکراینا و ململانێ لە گەڵ چین بە تەواوی ئەو وڵاتەی سەرقاڵ کردووە. لە ئێستادا هاوسەنگی هێز لە بەرژەوەندی ئەمریکادا نییە و ئەم وڵاتە لەوەدا سەرکەوتوو نەبووە کە داواکارییەکانی مسۆگەر بکات، بەم پێیەش تەنیا بژاردەی گوشار و شەڕی دەروونی و پیشاندانی هێز دەمێنێتەوە.
هەروەها دکتۆر محەممەد مورتەزا مامۆستای زانکۆ و توێژەری سیاسی ڕایگەیاندووە کە زیاتربوونی هێزی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەی کەنداوی فارس، هەڵگری چەندین پەیامە، بۆ نموونە، پەیامێک لە بەرامبەر گۆڕانکارییەکان لە سیاسەتی دەرەوەی سعوودیە. ڕیاز پەیوەندییەکانی لە گەڵ سوریا دەستپێکردووەتەوە، هەروەها باڵیۆزخانەکەی لە تاران کردووەتەوە و لە بەرامبەر لوبنان و یەمەن تا ڕادەیەک هەڵوێستەکانی گۆڕدراوە.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە وتی: ئەمریکا بەم بۆنەوە دەیەوێت پەیامێک ئاراستەی دەسەڵاتدارانی سعوودیە بکات کە دەبێت ئەو وڵاتە وەک ڕابردوو گوێڕایەڵی سیاسەتەکانی واشنتن بێت. هەروەها بەشێک لەم جموجوڵانە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەمریکاوە هەیە، لە بەر ئەوەی کە بایدن بۆ سەرکەوتن لەو هەڵبژاردنانەدا پێویستی بە کارتێکی براوە هەیە.
ناوبراو هەروەها وتی کە ئەگەری ئەوەش هەیە ئەمریکا بە بیانوو و پڕوپاگەندەی هەڕەشەی ئێران لە سەر دەریاوانی نێودەوڵەتی، بە گەمارۆدانی دەریایی و دواکەوتنی کەشتییە نەوتی و بازرگانییەکانی ئێران و تەنانەت جموجوڵی سەربازی، پەنا بۆ ئاژاوەگێڕییەکی نوێ لە ناوچەکە ببات./.