بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئێران لە بەرامبەردا 5 سیخوڕی ئەمریکیی کە لە دادگاکانی ئەم وڵاتەدا سزایان بە سەردا سەپابوو، ئازاد دەکات. سیخوڕەکان کاتێک ڕادەستی ئەمریکا دەکرێن کە ئەو وڵاتە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بە تەواوی ڕادەستی قەتەر بکات.
لە وردەکاری ئەم هەواڵەدا هاتووە کە داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە کۆریای باشور کە 6 ملیار دۆلارە، سەرەتا ڕادەستی سویسرا و پاشان قەتەر دەکرێت. ئەم پرۆسەیە سەبارەت بە پارە بلۆککراوەکانی ئێران لە بانکی بازرگانیی عێراق دووبارە دەبێتەوە. ئەم پارانە پاش ئەوەی کە ڕادەستی ئێران کران، بۆ تێچووی پێداویستییەکانی وڵات بەکار دێن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە لە بەرامبەر ئەم سەرکەوتنە دیپلۆماسییەی ئێران لە بەرامبەر ملهوڕیی ئەمریکا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی واشنتن هەوڵ دەدەن وا بڵێن کە ئێران توانای بەکارهێنانی سەرچاوە داراییەکانی نییە و بەمەش دەیانەوێت لە بایەخی سەرکەوتنەکەی ئێران کەم بکەنەوە.
شایانی ئاماژەیە کە ئەنتۆنی بلینکەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە داراییەکانی ئێران لەو حسێبە دیاریکراوانەدا دەمێننەوە تا واشنتن لەوە دڵنیا بێت کە ئەم وڵاتە بۆ کڕینی ئەو کاڵایانە بەکاری ناهێنێت کە سزاکان دەیانگرێتەوە.
پێدەچێت کە بلینکەن ئەم لێدوانەی بۆ بەرپرسانی ئەمریکی بێت و داراییەکانی ئازادکراوەکانی ئێران کە لە کۆریای باشور دەستی بەسەردا گیرابوو، بۆ بانکەکانی سویسرا و پاشان بۆ دوو بانکی قەتەر و لە دوای ئەوەش بۆ حسێبەکانی ئێران لەو دوو بانکەدا دەگوازرێنەوە تا ڕادەستی ئەم وڵاتە بکرێن.
ئەوەی کە تەواو کراوە، ئەوەیە کە لە پاش گواستنەوەی پارەکەی ئێران بۆ حسێبەکانی ئەم وڵاتە لە بانکەکانی قەتەر، بانکی ناوەندیی ئێران دەسەڵاتی بەکارهێنانی دەبێت و دەتوانێت کاڵا سەرەکییەکان، دەرمان و پێداویستییەکانی دیکەی پێ دابین بکات. هەر بۆیە ئەو پڕوپاگەندەیە کە دەڵێن ئێران ماف و توانای بەکارهێنانی نییە، بێ بنەما و ڕەتدەکرێتەوە.
سەرکەوتنە دیپلۆماسییەکەی ئێران ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەم وڵاتە هیچ کات موڵەتی ئەوەی بە ئەمریکا نەداوە کە بیەوێت گەلی ئێران لە ماف و داراییەکانی بێبەش بکات، وەک چۆن کە لە بەرامبەر یاسا زاڵمانەکانی ئەمریکاش لە جیهاندا بێدەنگ نەبووە.
ڕاستییەکی دیکە کە لەم سەرکەوتنەدا دەردەکەوێت، ئەوەیە کە ئێران هیچ کات واز لە هەوڵەکانی بۆ بەرگری لە مافی ئێرانییەکان لە سەرتاسەری جیهان ناهێنێت و موڵەتی ئەوە نادات هاووڵاتییەکانی بە بێ هیچ تاوانێک لە زیندانەکانی ئەمریکادا بمێننەوە و تا ئەوان ئازاد نەکات، واز لە ئەمریکای تاوانبار ناهێنێت./.