بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عادل عەبدولمەهدی سەبارەت بە هەوڵەکانی هەندێک لایەن بۆ لاوازکردنی پێگەی حەشدی شەعبی وەک هێزێکی گرنگ لە عێراق هۆشدارییدا و وتی کە نەبوونی حەشدی شەعبی وەک هەڵوەشانەوەی سیستەمی ئەمنیی عێراقە.
ناوبراو وتی: ئەگەر حەشد نەدەبوو، داعش، تیرۆریزم و ئاژاوەگێڕی سەرتاسەری عێراقی دەگرتەوە.
سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق وتی: وڵات سەرەڕای بوونی 17 هەزار هێزی شەڕکەری بیانی، دژوارترین هەلومەرجی ناوخۆیی و پیلانگێڕی تیرۆریستیی تێپەڕ دەکرد و هێزە سەربازییەکان لە نەینەوا لە بەرامبەر چەندسەد تیرۆریستی داعش توانای ڕوبەڕوبونەوەیان نەبوو و توانای دابینکردنی ئاسایشیان نەبوو تا حەشدی شەعبی هاتە گۆڕەپانەکەوە و بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی کۆتایی ئەم هێزە و هێزە چەکدارەکانی دیکە هاوکاری و هاوئاهەنگی کرا و ئاسایش و سەقامگیری لە سەرتاسەری عێراق جێگیر بوو.
عادل عەبدولمەهدی وتی: ئێمە نامانەوێت ڕۆڵ و توانا و کاریگەریی هێزە چەکدارەکانی دیکەی عێراق بە بچووک پیشان بدەین بەڵام بوونی حەشدی شەعبی و بەشداری کۆمەڵانی خەڵک لەم هێزە، ئاسایشی تەواو دەبەخشێتە عێراق و نەبوونی ئەم ڕێکخراوە جەماوەرییە ئێمە بەرەو ڕووخان و هەڵوەشانەوە دەبات و ڕەنگە بۆ هەمان سەردەمی ڕابردوو بگەڕێینەوە.
ناوبراو وتی: دانپێدادان بە ڕۆڵ و چالاکیی حەشدی شەعبی تەنیا لە لایەن خەڵک و ئەو حیزب و لایەنە سیاسییانەوە نییە کە حەشدیان خۆش دەوێت، بەڵکوو لایەنە سیاسییەکانی دیکەی عێراق و هێزە بیانییەکان ئەم توانا و کاریگەرییەی حەشد پشتڕاست دەکەنەوە.
عەبدولمەهدی وتی: ئێمە دەبێت وەبیربێنینەوە کە لە شوباتی 2015 و تەنیا چەند مانگ لە پاش کەوتنی موسڵ، ڕۆمادی کەوت و هێزە سەربازییەکان هەڵهاتن و هەموو چەک و کەرەستە سەربازییەکانی خۆیان بە جێهێشت و هێزەکانی هاوپەیمانانیش بێ کاریگەر بوون و تەنیا هۆکارەکەشی ئەوە بوو کە ئێمە هێزێکی جەماوەریمان نەبوو کەلێنەکە پڕ بکاتەوە./.