بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی و بە گێڕانەوە لە ڕاشاتوودەی، حیسابکردنی نرخی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێک لە ساڵی 2022دا پیشان ئەدات کە کۆڕی بریکس بەم زوویانە ئاڵ و گۆڕییەکی زەق پێک دێنێت لەسەر هاوسەنگی دەسەڵات، لە بازاڕی جیهانی نەوتدا.
لێکدانەوەکان دەریخستووە بە زیادبوونی 6 ئەندامی نوێ لە کۆڕی بریکس، بێگومان کنتڕۆڵی نیوەی نەوتی بازاڕی جیهانی ڕادەستی ئەو کۆڕە دەبێ، لە ئێستادا بەڕازیل، هێند، ڕووسیا، ئەفریقای باشوور و چین وەکوو ئەندامی فەرمی کۆڕی بریکس دێنە ئەژمار، بەڵام لەم دواییانەدا وڵاتانی ئەرجەنتین، میسر، ئتیۆپی، عەرەبستان، ئێمارات و ئێران بە شێوازی فەرمی بوونەتە ئەندام لەو کۆڕەدا و لە سەرەتاکانی ساڵی داهاتووی زایینی، بە شێوازی فەرمی وەکوو ئەندامی کۆڕی بریکس دێنە ئەژمار.
ڕاپۆرتەکان پیشان ئەدات کە زیادبوونی ئێران و عەرەبستان بۆ کۆڕی بریکس، کێشی بەرهەمهێنانی نەوتی کۆڕی بریکس دەگۆڕێت.
کۆئەژمارە فەرمییەکان ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکات تا چەند مانگی دیکە 47.6٪ نەوتی ناردەکراو بۆ بازاڕی جیهانی لە لایەن 11 وڵاتی ئەندام لە کۆڕی بریکسدا ئەنجام دەبێت.
لە بواری بارستایی خەزنی نەوتیشەوە نیوێک لە خەزنی سەلمێندراوی نەوی جیهان هاوپەیوەندە لەگەڵ ئەندامانی کۆڕی بریکس، بە جۆرێک کە سەرجەم خەزنی نەوتی وڵاتانی ئەندام لەو کۆڕەدا 719 ملیارد بەرمیل بەراوەرد کراوە.
ئەگەر بێتو وڵاتی (ڤێنێزۆئێلا)یش ببێتە ئەندامی ئەو کۆڕە(لەبەر ئەوەی داخوازی کردووە وەکوو ئەندام وەریبگرن) 65.4% خەزنی نەوتی سەلمێندراوی جیهان ڕادەستی وڵاتانی ئەندام لەو کۆڕەدا دەبێ و ئەمە لە حاڵێکدایە کە وڵاتانی ئەندام لە کۆڕی 7 کە بریتییە لە ئەمڕیکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، ئیتالی، کەنادا، فەڕنسە و ژاپۆن سەرجەم، تەنیا 3.9% لە نەوتی ناردەکراو بۆ بازاڕی جیهانیان ڕادەست هەیە.