بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕۆژنامەی ” رای الیوم ” ڕایگەیاند کە شارەزایانی تەل ئەبیب بە کۆی دەنگ ئەوەیان قبووڵ کردووە کە دۆخی ناوخۆیی ڕژێمی زایۆنیستی لە ماوەی 75 ساڵی ڕابردوودا وێنەی نەبووە و لە خەراپترین دۆخی ناوخۆییدایە. سەرەڕای ئەمەش ڕژێمی زایۆنیستی نیگەرانی پەراوێزکەوتنی نێودەوڵەتییە کە بە هۆی سیاسەتی ڕەگەزپەرستانە لە دژی گەلی فەڵەستین بەرۆکی گرتووە و ئەوەی کە بۆ بنیامین نتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئەو ڕژێمە گرنگە، تێپەڕاندنی دۆسیەکەی لە دادگایە کە لە ئەگەری دۆڕاندنی دەبێت ساڵانی کۆتایی تەمەنی لە گرتووخانەدا بەڕێ بکات.
تەنانەت ئەمریکا وەک هاوپەیمانی ڕژێمی زایۆنیستی کردەوەکانی ئەو ڕژێمە ئیدانە دەکات، ئەگەرچی هیچ کات سزای نەداوە، بەڵام سەرەڕای ئەمەش بۆ زایۆنیستەکان قورسە کە هێشتا بنیامین نتانیاهۆی بۆ چاوپێکەوتن لە کۆشکی سپی بانگهێشت نەکردووە.
هاوپەیوەند لە گەڵ ئەمەش، چەند سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەل ئەبیب ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی ئەمریکا هۆشداریی بە نتانیاهۆ داوە کە بەردەوامی درووستکردنی شارۆچکەکان لە کەرتی خۆرئاوای داگیرکراو و هەروەها لێدوان و هەڵوێستی ڕەگەزپەرستانەی ژمارەیەک لە وەزیرەکانی، بووەتە ڕێگر لە بەردەم ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی لە گەڵ تەل ئەبیب بە تایبەت سعوودیە.
کەناڵی 13 ی تەلەفزیۆنی ڕژێمی زایۆنیستی ڕایگەیاندووە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەو ڕژێمە سەرەتای مانگی ئاب زیاتر لە 100 وەزیری دەرەوەی وڵاتانی جیهانی بۆ بەشداری لە ڕێوڕەسمی 75 ساڵەی دامەزراندنی ڕژێمی زایۆنیستی بانگهێشت کردووە کە بڕیارە لە مانگی کانوونی یەکەم بەڕێوە بچێت. سەرەڕای تێپەڕبوونی مانگێک بە سەر ئەو بانگهێشتکردنە، تەنیا 10 وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری ڕاگەیاندووە کە لە وڵاتانی ئەفریقی، ئاسیایی و ئەمریکای لاتینن.
سەرچاوەکان ڕایانگەیاندووە کە ئەگەر ژمارەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی جیهان نەگاتە ئاستێکی باش، بە هۆی مەترسییەکانی شکستی دیپلۆماتیک بۆ ڕژێمی زایۆنیستی، ڕێوڕەسمەکە بەڕێوە ناچێت، بە تایبەت ئەوەی کە ڕژێمی زایۆنیستی گرنگی بە بەشداربوونی وەزیرانی دەرەوەی ئەمریکا و وڵاتانی یەکێتی ئەورووپا دەدات./.