بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا لە سەردانەکەی ڕۆژی یەک شەممە 3 ی ئەیلولی 2023 بۆ تاران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەش لە گەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، وتی: لە داهاتوویەکی نزیکدا پێشوازی لە ئایەتوڵڵا ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە تورکیا دەکەین و سەبارەت بەمەش لە گەڵ بەڕێز ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وتووێژ کراوە.
هاکان فیدان وتی: ئێران و تورکیا دوو وڵاتی گەورەی ناوچەکەن و ئەرک و بەرپرسیاریەتی ئێمەیە کە ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکە جێگیر بکەین، بەدەر لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکان، سەبارەت بە دۆخی وڵاتانی سوریا، لوبنان، یەمەن، ئۆکراینا، لیبیا و باشوری قەفقاز وتووێژمان کرد.
ناوبراو سەبارەت بە سوریا وتی: ئێمە وتووێژمان لە سەر ئەوە کردووە کە چۆن و چی دەتوانین لە سوریا جێبەجێ بکەین، تێڕوانینی ئێمە سەبارەت بە سوریا ڕوونە و چاوەڕوان دەکەین کە ئەو وڵاتە لە دۆسیەی گەڕانەوەی ئاوارەکان کە لە وڵاتی ئێمەدان، هاوکاری بکات و ئەوان بە پارێزراوی بۆ وڵاتی خۆیان بگەڕێنەوە و سوریا ئامادەکاری بۆ گەڕانەوەیان بکات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: سەبارەت بە هەوڵەکانی دژایەتیکردنی ئیسلام لە هەندێک وڵات لە گەڵ هاوتا ئێرانییەکەم قسەم کردووە، لەم ماوەیەدا لە وڵاتانی ئەورووپی هێرشی ناڕەوا لە دژی پیرۆزییەکانی موسڵمانان بینرا، ئەم هێرشانە بە پلان بۆ داڕێژراو دەبینین، سەبارەت بەمە و ئەوەی کە ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی چی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی بکات، وتووێژمان کردووە.
هاکان فیدان هەروەها وتی کە حکومەتی سوریا دەبێت لە پرسی پەکەکەدا هاوکاری تورکیا بکات، ئەمە نیگەرانی ئێمەیە و دڵنیاین کە نیگەرانی سوریاشە.
وتیشی کە بە گەشبینییەوە لە ڕێکەوتنەکەی ئێران و سعوودیە دەڕوانین. ئێران و سعوودیە و تورکیا سێ وڵاتی گەورەی ناوچەکەن کە هەست بە بەرپرسیاریەتی دەکەن و ئەوەی کە پەیوەندییەکی دۆستانەیان پێکەوە هەبێت، گرنگییەکی زۆری هەیە و بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکەش گرنگە.
هاکان فیدان سەبارەت بە ڕووداوەکانی کەرکوک وتی: کەرکوک لە ڕووی نەتەوەیی و مەزهەبییەوە نموونەیەکی بچووککراوی عێراقە و ئاسایش و سەقامگیری لەم شارەدا بە واتای ئاسایش و سەقامگیری لە تەواوی عێراقە و کاریگەریی لە سەر دادەنێت. ئێمە کەرکوک بە نموونەی پێکەوەژیانی ئاشتیانە دەزانین، حکومەتەکەی محەممەد شیاع سودانی بووەتە هۆکاری هەبوونی سەقامگیری لە عێراق، بە نیگەرانییەوە لە ڕووداوەکانی کەرکوک دەڕوانین، بۆچوونی خۆمان سەبارەت بە ڕەتکردنەوەی ئاڵۆزییەکان خستووەتەڕوو.
وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی: داوا لە بەرپرسانی عێراق دەکەین کۆتایی بە بوونی پەکەکە لەم وڵاتە بێنن. تەواوی پێکهاتەکانی کەرکوک دەبێت مافی ئازادی ڕادەربڕینیان هەبێت و لە ئیدارەی شارەکەدا هاوبەش بن، پاراستنی مافی تورکمانەکان بۆ ئێمە گرنگە و بەردەوام بەرگریمان لەوان کردووە./.