بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی یەک شەممە 3 ی ئەیلولی 2023 لە چاوپێکەوتنی هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا وتی کە هیوادارین ئاستی هاوکارییەکانی نێوان هەر دوو وڵات لە خولی نوێی سەرۆکایەتی بەڕێز ئەردۆغان زیاتر لە ڕابردوو بەرز ببێتەوە و بگاتە پتەوبوونی هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی هەر دوو لا.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران بە ئاماژە بە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا لە ناوچەکە، کاریگەرترین شێوازی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی بە ڕێزگرتن لە دەسەڵاتی نیشتمانی و یەکپارچەیی خاکی سەرجەم وڵاتانی ناوچەکە ناو برد و وتی: بۆ ئەوەی بە باشترین شێواز ڕێگری لە چالاکییە تیرۆریستی و دژە ئەمنییەکان بکرێت باشترە وڵاتانی ناوچەکە دەسەڵاتی نیشتمانییان بە سەر تەواوی خاکی خۆیانەوە هەبێت.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی جەختی لە سەر پێویستی بەرەنگاربوونەوەی بێگانەکان لە تەواوی ناوچەکان بە تایبەت قەفقاز کردەوە و وتی کە کێشە و گرفتەکان دەبێت بە ڕێگای وتووێژ و هاوکاری نێوان وڵاتانی ناوچەکە چارەسەر بکرێت.
ناوبراو هەروەها ڕایگەیاند کە چالاککردنەوەی کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکارییە ئابورییەکانی ئێران و تورکیا بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بەربەستەکانی بەردەم هاوکارییە بازرگانییەکانی هەر دوو وڵات بە پێویست دادەنرێت./.