بە گوێرەی ڕاپۆرتی جام کوردی و بە گێڕانەوە لە ئەلفورات نیووز، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاندووە کە بە هۆی پێشڕەوتی پڕۆژە هاوپەیوەندەکان لەگەڵ پەرەپێدان بە بەندەری فاو، ئەوا دەیانهەوێت لە بەشی یەکەمی ئەو پڕۆژەیە تا کۆتاییەکانی ساڵی 2025 قازانج وەربگرن.
فەرحان ئەلفەرتووسی، بەرپرسی کومپانی بەندەرەکانی عێراق، بە پێی وتارێک ڕایگەیاندووە: کۆمپانی و شەریگە چالاکەکانی بەشی گواستنەوە دەریایی و کەشتیوانی، بەندەری گەورەی (ئەلفاو) وەکوو بەندەرێکی گرنک و بەرژەوەندیدار لە بەشی دەریایی ناوچەیی و جیهانیشدا دەبینن، بەتایبەت پاش ئەوەی کە هەنگاوگەلێکی زۆر گرنگ و گەورە بە مەبەستی تەواو کردنی ئەو پڕۆژەیە هەڵگیراوە و هەروەها شوێنی کاناڵی دەریایی (تونیلی ژێر دەریایی) پێشڕەوتی زۆر باشی هەبووە.
ئەلفەرتووسی وتیشی: تیپێک پێکهاتووە لە ئەندامانی لێزان و پسپۆڕ بۆ تەیار و ئامادەکردنی هەموو جۆرە پێداویستییەکان بۆ بەهرە هەڵگرتن لە گەورە بەندەری فاو و هەوەها بۆ بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەکانی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی بەردەم لە کار و باری قازانج هەڵگرتن لەو پڕۆژەیە، لە خێراترین کاتدا و بە پێشکەش کردنی باشترین خاڵەکان بە پێی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت و بە کەڵکوەرگرتن لە نوێترین لێزانی و پسپۆڕی بە پێی پێوەری جیهانی.
ناوبراو وتیشی: لەگەڵ کۆمپانییەکی (سەنگاپووریش)دا ڕێککەوتووین بە مەبەستی بارهێنانی کاربەدەستانی بەندەرەکانی عێراق لە بەندەرەکانی سەنگاپووردا و لە بواری بارهێنانی لێجێستیک و گواستنەوەی کەل و پەل لە بەندەرەکاندا.
پاش بەهرە هەڵگری لە بەندەری فاو، بڕیارە ئەو بەندەرە ببێتە یەکێک لە گەورەترین بەندەرەکانی جیهان لەبەر ئەوەی ئەو بەندەرە بەشێکە لە گەورە پڕۆژەی جادەی پەرەسەندن کە وڵاتی عێراق و وڵاتەکانی دراوسێ عێراق، پەیوەند ئەداتە تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەورووپا.
ڕەزاق مەحبیس ئەلسەعداوی، وەزیری گواستنەوەی عێراق لە درێژەی پشکنین لە هەمان پڕۆژە و لە مانگی تەمووزی ڕابردوودا هەواڵی لە پێشڕەوتی 60لەسەدی بەڕێوەچوونی پڕۆژەکە داوە.