بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، گرنگە منداڵان هەڵە ئەنجام بدەن، چونکە ئەگەر دایک و باوکان بەباشی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵەکانی منداڵەکانیان مامەڵە بکەن، ئەوا منداڵەکان لە هەر هەڵەیەکیانەوە فێر دەبن. هەندێکجار دایک و باوکان پێیان وایە هەوڵدان بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکانی منداڵەکانیان کات بە فیڕۆدانە و ئەوان ناتوانن بەم جۆرە هەڵەکانیان کەم بکەنەوە، بەهۆی ئەمەش تووڕە دەبن. بەڵام تووڕەبوون هیچ شتێک فێری منداڵەکەت ناکات، بەڵکوو تووڕەبوون زیان بە مێشک و توانای بیرکردنەوەشی دەگەیەنێت. ئەمانە چەند ڕێگایەکن تاکوو منداڵەکەت تێبگەیەنیت کە خەریکە کارێکی هەڵە ئەنجام دەدات:
پیشانی بدە و پێی بڵێ
چەند یاسا و ڕێسایەکی ڕوون کە منداڵەکان بتوانن پێوەی پابەند بن دابنێ، هەوڵبدە یاساکان بە کۆمەڵە وشەیەک ڕوون بکەیتەوە کە منداڵەکان بتوانن تێبگەن و لەگەڵ تەمەنیان گونجاو بێت.
دەرەنجامی کارەکانیان بۆ ڕوون بکەرەوە
بۆ نموونە بە هێمنی و بە ڕوونی لە منداڵەکەتی بگەیەنە، ئەگەر ئەو یارییەکانی کۆنەکاتەوە و لە شوێنی خۆیانیان دانەنێتەوە ئەوا بۆ تەواوی ڕۆژەکە یارییەکانی لێ دوور دەخەیتەوە. بەڵام ئاگادار بە پێویستە ئەگەر منداڵەکەت یارییەکانی کۆ نەکردەوە بۆ تەواوی ڕۆژەکە یارییەکانی لێ دووربخەیتەوە، لێرەوە فێر دەبێت کە کارێکی هەڵەی ئەنجام داوە. هەروەها فێر دەبێت کە بەرپرسیارێتی هەڵەکانی خۆی هەڵبگرێت. بەڵام ئاگادار بە شتانێک لە منداڵەکەت دوور مەخەرەوە کە بەتەواوی پێویستی پێی بێت بۆ نموونە پێنەدانی خواردن وەک سزایەک بۆ ماوەیەکی زۆر.
گوێگرتن
لەگەڵ منداڵەکەت دابنیشە و کاتی بۆ تەرخان بکە، ڕێگە بدە باسی ئەو هەڵەیەت بە تەواوی بۆ بکات کە ئەنجامی داوە پێی بڵی کە ئەوە شتێکی ئاساییە تۆ وەک دایکێک یان باوکێکیش هەڵە ئەنجام دەدەیت. بۆ نموونە کاتێک ئیرەیی دەکات بۆی باسبکە ئیرەیی بردن چییە و بۆچی کارێکی ڕاست نییە، لەجیاتی ئەوەی ڕاستەوخۆ باسی دەرەنجامە هەڵەکانی ئیرەیی بردنی بۆ بکەیت.
هەوڵمەدە ڕاستەوخۆ هەڵەکانیان چاک بکەیتەوە، چەند ڕێگایەکیان نیشان بدە و ڕێگە بدە خۆیان هەڵەکانی خۆیان چاک بکەنەوە.
سەرنجی خۆتیان پێ ببەخشە
یەکێک لە ئامڕازە گرنگەکانی پەروەردەکردنی منداڵەکەکان پشاندانی سەرنجی خۆتە، هەم بۆ کارە باشەکان و هەم بۆ ئەنجامدانی کارە خراپەکان. هەموو منداڵێک دەیەوێت سەرنجی خێزانەکەی لەسەر ئەو کارانەی ئەنجامیان دەدات ببینێت. پێویستە منداڵەکان بزانن کەی کارێکی باش و چ کاتێک کارێکی هەڵەیان ئەنجام داوە، تەنها لەسەر کارە هەڵەکانی گفتوگۆی لەگەڵ مەکە بەڵکوو کاتێک کارێکی باش ئەنجام دەدات ستایشی بکە و پێی بڵێ کە کارێکی باشی ئەنجام داوە. بەم جۆرە دەتوانێت کارە ڕاست و هەڵەکان لەیەکتری جیا بکاتەوە./.