بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح وەزیری دەرەوەی کوێت لە وتووێژی لە گەڵ ڕۆژنامەی ” الرای ” وتی: ئێمە لە سیاسەتی دەرەوە چوار ئامانجی سەرەکیمان هەیە کە بۆ مسۆگەربوونی هەوڵ دەدەین، ئامانجی یەکەم، دابینکردنی ئاسایشی کوێتە کە ئامانجێکی زۆر گەورە و بەرزە.
ناوبراو لە شرۆڤەی ئامانجی دووەم وتی کە دابینکردنی ئاسایشی ناوچەکەش وەک ئامانجێکی گەورە سەیر دەکەین و کاری لە سەر دەکەین. ئێمە وەک وڵاتێکی بچووک لەم ناوچەیەداین و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بە ڕادەیەکی زۆر بۆ ئێمە گرنگی هەیە.
سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح وتی کە ئامانجی سێهەمی ئێمە چارەسەرکردنی کێشە سنورییەکانە لە گەڵ دراوسێکان بە تایبەت ئێران و عێراق، ئەم دوو دۆسیەیە بۆ سەرکردایەتی سیاسی ئێمەش گرنگە.
وەزیری دەرەوەی کوێت ئامانجی چوارەمی سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەکەی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و هاوپەیمانی لە گەڵ وڵاتانی جیهان و پتەوکردنی دۆستایەتییەکان گەڕاندەوە./.