بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ئایەتوڵڵا سەید ئیبراهیم ڕەئیسی لە چاوپێکەوتنی کەناڵی nbc نیوزی ئەمریکی وتی کە ڕێکەوتنی ئاڵوگۆڕی بەندکراوان لە نێوان ئێران و ئەمریکا بە پێی خشتەی کاتیی دیاریکراو تەواو دەبێت و گیراوانی ئەمریکی لە دۆخێکی باشی تەندرووستیدان و ئێرانییە گیراوەکانیش لە ئەمریکا بە زووترین کات بۆ نیشتمانی خۆیان دەگەڕێنەوە.
ناوبراو ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی ئێران بڕیار لە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی پارە ئازادکراوەکانی دەدات.
ئایەتوڵڵا ڕەئیسی وتی: ئەم پارەیە مافی گەل و حکومەتی ئێرانە و کۆماری ئیسلامییە کە بڕیار لە سەر چۆنیەتی بەکارهێنانی دەدات.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی کە ئایا ئەم پارەیە بۆ پێداویستییە مرۆڤدۆستانەکان بەکار دێت یان بوارەکانی دیکە؟ وتی: مرۆڤدۆستانە بە واتای هەر پێداویستییەکی خەڵکی ئێرانە، هەر بۆیە ئەم پارەیە بۆ ئەوان بەکار دەهێندرێت و دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی گەلی ئێران و بڕیاردان لە سەر ئەو پرسە لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە دەکرێت./.