شوان ڕابەر لە وتووێژی لە گەڵ پەیامنێری جام کوردی سەبارەت بە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی فەڵەستینی داگیرکراو، وتی: ڕژێمی زایۆنیستی لە ساڵی 1947 تا ئێستا بە نایاسایی خاکی فەڵەستینی داگیر کردووە و بەردەوام هێرش و دەسدرێژی دەکاتە سەر خەڵکەکەی، خەڵک دەکوژێت و برینداریان دەکات، مزگەوتی ئەقسای پیرۆزی داگیر کردووە و فەڵەستینی کردووەتە کوشتارگەیەکی گەورە.
ناوبراو وتی: فەڵەستینییەکان مافی خۆیانە بەرگری بکەن و وەڵامی ئەو هەموو تاوانە بدەنەوە. بزوتنەوەی حەماس بە نەخشەیەکی داڕێژراو و ورد و لەناکاو هێرشێکی نموونەیی کردە سەر سوپای ڕژێمی زایۆنیستی و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سوپای ئەو ڕژێمە کوژراون و بەدیل گیراون و ئەمەش زایۆنیستەکانی شۆک کردووە و جیهانیشی ئاگادار کردووەتەوە.
ئەو سەرکردەی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەروەها وتی: ڕووداوەکانی فەڵەستین جیهانی کردووەتە دوو بەشەوە، وڵاتانی ڕۆژیاوا کوێرانە ئیدانەی حەماس دەکەن و بەرگری و پشتیوانی لە ڕژێمی زایۆنیستی دەکەن، هەندێک وڵاتیش پشتیوانی خۆیان بۆ فەڵەستینییەکان دەربڕیوە، ڕژێمی زایۆنیستی هەوڵی تۆڵەکردنەوە دەدات بەڵام حەماسیش بەهێزتر بووە و بە تایبەت لە ڕووی سەربازییەوە دەتوانێت گورزی کاریگەر لە ڕژێمی زایۆنیستی بدات.
شوان ڕابەر لە کۆتاییدا وتی: ڕژێمی زایۆنیستی دەیان ساڵە زوڵم دەکات، حەماس ئیمانی بە خودای گەورە و بڕوای بە خۆی زۆرە، بەڵام شەڕ زیانی بۆ هەر دوو لا دەبێت، فەڵەستین دەسکەوتەکانی بە ئاشتی بە دەست بێنێت باشترە، پێویستە بەرگری لە خۆی بکات، کێشەی فەڵەستین بووەتە کێشەی جیهانی ئیسلام. ڕژێمی زایۆنیستی تەنیا بە یەکڕیزی و یەکبوونی موسڵمانان واز لە داگیرکاری و زوڵمەکانی دێنێت./.