بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، مەسعود پزیشکیان نۆیەمین سەرۆک کۆماری ئێران ڕۆژی سێ شەممە 30 تەمموزی 2024 لە ڕێوڕەسمی سوێندخواردنیدا کە بە ئامادەبوونی دەیان میوانی بیانی لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو، یادی حەزەرتی ئیمام خومەینی دامەزرێنەری گەورەی شۆڕشی ئیسلامی، شەهید ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری پێشوو و شەهیدی فەرماندە قاسم سولەیمانی و سەرجەم شەهیدانی ئێرانی ئیسلامیی بەرز نرخاند و وتی: دەرفەتێک بۆ باشترکردنی دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک، بە یارمەتی خودای گەورە، ڕێنماییەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی، دەنگی ووشیارانە و بوێرانەی خەڵک هاتووەتە پێشەوە.
ناوبراو وتی: ئەمە دەرفەتێکە بۆ چاکسازی لە تێڕوانینەکان، شێوازی ناکارامە لە حوکمڕانی، خوڵقاندنی هیوا و یەکڕیزی نیشتمانی بۆ دەربازبوون لە قەیران و کێشەکانی بەردەم.
پزیشکیان وتی: لەم ڕێگایەدا سێ تەوەری گرنگ بریتین لە دەستووری هەمیشەیی، بەڵگەی ئاسۆی دیاریکراوی وڵات و سیاسەتە گشتییەکانی پەسەندکراو لە لایەن ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێرانەوە.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: من هیوام بە داهاتوو هەیە، ئەگەرچی ڕاپۆرتی شارەزایان باس لە هەمولەرجێکی دژوار دەکات و ژیانی خەڵک ڕوبەڕوی هەندێک کێشە بووەتەوە، بەڵام پشت بەستن بە هاوکاری خودای گەورە و توانای ئەم خەڵکە قارەمانە، گرێی دەربازبوون لە کێشە و گرفتەکان دەکاتەوە.
ناوبراو وتی: ئێران وڵاتێکی یەکگرتوو و سەقامگیرە و ئێمە لە لوتکەی کێشەکانی ناوچەکە و لە ڕوودای شەهیدبوونی سەرۆک کۆماردا هەڵبژاردنێکی شەفاف، تەندرووست و گرنگمان بەڕێوەبردن کە وەرزێکی نوێی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا هێناوەتە پێشەوە.
پزیشکیان وتی: من بە پشتیوانی خەڵک و ڕێبەری مەزنی شۆڕسی ئیسلامی ئێران و کۆدەنگی سەرجەم لایەنەکان و جومگەکانی دەسەڵات، بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دەکەم.
سەرۆک کۆماری ئێران وتی: حکومەتەکەی من خوازیاری ناوچەیەکی بەهێزە تا وڵاتانی دراوسێ بۆ پەرەپێدانی ئابوری، پێشکەوتن و باشترکردنی جیلەکانی داهاتوو هەنگاوی هاوبەش بنێن. ئاسایشی ناوچەکە تەنیا لە سەر دەستی وڵاتانی ناوچەکە٣ دابین دەکرێت و بیانووی هەبوونی هێزی وڵاتانی دەرەکی لەم ناوچەیەدا کۆتایی بێت.
مەسعود پزیشکیان وتی: ئەوانەی کە چەکی کوشتار و کۆمەڵکوژیی منداڵانی غەززە دابین دەکەن ناتوانن وانەی مرۆڤایەتی بە کەسانی دیکە بڵێنەوە، هیچ کەسێک لە جیهاندا قبووڵ ناکات سەرۆکی ئەو ڕژێمەی شەڕی منداڵان و ژنانی غەززە دەکات و بە سەر ئەواندا بۆمب دەبارێنێت، چەپڵەڕێزان و پشتیوانی بکرێت. ڕەنگە بۆ هەندێک لەوانەی بانگەشەی مافی مرۆڤ دەکەن، مافە سەرەکییەکانی مرۆڤەکان بە پێی ڕەنگی پێست، زمان و ئایین دیاری بکرێت.
ناوبراو وتی: حکومەتەکەی من بە دابینکردنی هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی دەرەوەدا، بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و ئاشتی ناوچەیی و جیهانی وەک ئامانجێک دیاری دەکات، ئێمە ڕێز لە دۆستانی ڕۆژانی تەنگانەی خۆمان دەگرین، پەیوەندییەکانمان لە گەڵ کاراکتەرە نوێیەکانی جیهان بەهێزتر دەکەین و بۆ دۆستایەتی لە گەڵ دراوسێکانی ڕۆژهەڵات هەوڵ دەدەین و وڵاتانی ڕۆژئاواش بانگهێشت دەکەین لە ڕاستییەکان و پەیوەندییەکی پشت بەستوو بە ڕێز و بەرژەوەندی هاوبەش تێبگەن، ئێمە ئامادەین بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاڵۆزییەکان لە گەڵ ئەو وڵاتانەی کە هێشتا لە پێگەی گەلی ئێران تێنەگەیشتوون، وتووێژ بکەین.
سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران وتی: ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە ئابوری و بازرگانییەکان لە گەڵ جیهان بە مافی خۆمان دەزانین و بۆ هەڵگرتنی سزاکان لە هەوڵەکانی خۆمان بەردەوام دەبین، حکومەتەکەی من هیچ کات لە بەرامبەر زۆربێژی، گوشار و ستانداردە جیاوازەکان نابێت، ئەزموونی دوو دەیە دانوستان لە گەڵ ئێران ئەوەی بۆ وڵاتانی بەرامبەر لە دانوستانەکان سەلماندووە کە ئێمە پابەندی بەڵێنەکانمانین و خەڵک و ڕێبەری و سیستەمی سیاسی وەڵامی زیادەخوازییەکانی لایەنی بەرامبەر نادەنەوە./.