بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەلی باپیر لە پەیامەکەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆیی ئاراستەی گەلی فەڵەستین بە گشتی و تێکۆشەرانی حەماس و جیهادی ئیسلامی بە تایبەت کردووە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە تیرۆری ئیسماعیل هەنیە لە کاتێکدا میوانی فەرمی وڵاتێک بووە، بەڵگەیەکی دیکەی سەلمێنەری دڕندایەتی ڕژێمی زایۆنیستی و پێشێلکردنی سەرجەم پرەنسیپەکانی مرۆڤایەتی و ئەوپەڕی داڕووخانی ڕەوشت و ئاکاری سیاسییە.
ئەمیر کۆمەڵی دادگەریی کوردستان هەروەها ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە پێی ئەوەی کە شەهید ئیسماعیل هەنیە لە ناو خاکەکەیدا تیرۆر کراوە، بەرپرسیارێتییەکی گەورەی کەوتووەتە سەر شان و چاوەڕوان دەکرێت وەڵامێکی بەهێزی هەبێت.
عەلی باپیر لە درێژەی پەیامەکەیدا بە ئاماژە بە تیرۆری چەندین گەورە سەرکردەی فەڵەستینییەکان و بزوتنەوەی حەماس لە لایەن ڕژێمی تاوانباری زایۆنیستییەوە، ڕایگەیاندووە کە بە دڵنیاییەوە لەدەستدانی شەهید ئیسماعیل هەنیە کۆتایی بە جیهاد و گیانفیدایی فەڵەستینییەکان نایەت بەڵکوو دەبێتە مایەی بەهێزکردن و گەشەپێدانی ئەم خەبات و تێکۆشانە./.