حەزرەتی ئایەتوڵڵا خامنەیی لە پەیامێکدا بە بۆنەی تیرۆری شەهید هەنیە ڕایانگەیاند کە ” ڕژێمی تاوانبار و تیرۆریستیی زایۆنیستی، میوانی ئازیزی ئێمەی لە ماڵی ئێمەدا شەهید کردووە و ئێمەی تازیەبار کردووە، بەڵام بەستێنی سزادانی قورسی بۆ خۆی دابین کردووە، ئێمە لەم ڕووداوە تاڵ و سەختەدا کە لە خاکی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بووە، تۆڵەکردنەوەی خوێنی بە ئەرکی سەر شانی خۆمان دەزانین “.
مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە دەرکردنی بەیاننامەیەک هاوخەمی خۆیی بۆ شەهیدبوونی هاوبەش و یاوەری هەمیشەیی ئێران لە بەرەی خۆڕاگری، سەرکردەی بوێری خۆڕاگریی فەڵەستین و شەهیدی قودس، ئیسماعیل هەنیە دەربڕی و جەختیکردەوە کە کۆماری ئیسلامی ئێران داگیرکارانی تیرۆریست لە دۆسیەی تیرۆری شەهید هەنیەدا پەشیمان دەکاتەوە.
دووەم بەیاننامەی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی سەبارەت بە ڕووداوی تیرۆری شەهید هەنیەش گوزارشت لەوە دەکات کە بە دڵنیاییەوە وەڵامی ئەم تاوانە تیرۆریستییە لە لایەن بەرەی بەهێزی خۆڕاگری بە تایبەت ئێرانی ئیسلامییەوە دەدرێتەوە.
ئاشکرایە کە هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی شکست و سەرشۆڕییەکانی ڕژێمی زایۆنیستی لە شەڕی دە مانگەی غەززە، هۆکاری سەرەکی گەڕانەوەی ئەو ڕژێمەیە بۆ سیاسەتی تیرۆری سەرکردەکانی بەرەی خۆڕاگری.
بەڵام تیرۆری شەهید هەنیە لە چەند ڕوویەکەوە جیاوازترە لە تاوانەکانی دیکەی ڕژێمی زایۆنیستی. ئەوەی کە ئەم تیرۆرە لە تاران ڕوویداوە و شەهید هەنیە میوانی دیپلۆماتیکی کۆماری ئیسلامی ئێران بووە. ئەم دوو بابەتەش وا دەکات کە ئێران بەهێزەوە تۆڵەی خوێنی میوانەکەی لە وەڵامی دەسدرێژی ئاشکرای ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر خاکەکەی بکاتەوە.
بە دڵنیاییەوە کە ئەگەر پشتیوانییەکانی ئەمریکا نەدەبوو، نتانیاهۆ ئەم تاوانە تیرۆریستییەی نەدەکرد. هەر ئەم پشتیوانییە وایکردووە کە سەرۆک وەزیرانی ڕژێمی زایۆنیستی تووشی خەیاڵی وەها بێت کە ئێران ڕەنگە لە وەڵامدانەوەدا دوودڵی بکات یان لە ترسی دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا لە شەڕ بۆ بەرگری لە تەل ئەبیب، بە شێوازی نمایشی و بۆ پاراستنی ناوبانگی خۆی وەڵامی هەبێت.
بەڵام ڕژێمی زایۆنیستی ئاگاداری ئەوە نییە کە ئێران واز لە هەر لایەنێک ناهێنێت کە سەروەرییەکەی پێشێل بکات و تەنانەت ئەگەر پێویستیش بکات دەچێتە قۆناغی شەڕی ڕاستەوخۆی ئەمریکاوە.
ئەڵبەت لەدەستدانی کەسایەتییەکی خاوەن پێگە و گرنگ و بوێری وەک شەهید ئیسماعیل هەنیە کارەساتێکی گەورەیە بۆ بەرەی خۆڕاگری بەڵام خۆڕاگری بە دەیان کەسایەتی و سەرکردەی هەیە کە بۆشایی نەبوونەکەی پڕ دەکەنەوە.
گرووپەکانی وەک حەماس، جیهادی ئیسلامی، حزبوڵڵا، ئەنساروڵڵا و حەشدی شەعبی باشترین رۆڵەکانیان لە ڕێگای قودسدا بەختکردووە بەڵام هیچ کات ئیرادەی ئەوان لەم ڕێگایەدا لاواز نەبووە.
شەهید هەنیە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا لە گەڵ ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی ئێراندا ڕایگەیاندبوو کە ” ئەگەر گەورەیەک لە نێو ئێمەدا بڕوات گەورەیەکی دیکە شوێنی دەگرێتەوە “.
ئەو شەهیدە ئازیزە هەروەها ڕایگەیاندبوو کە ” ئەنجامی جیهاد و تێکۆشان یان سەرکەوتنە یان شەهیدبوون “. هەر بۆیە ئێران بە دڵنیاییەوە تۆڵەی شەهیدبوونی دەکاتەوە./.