بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، میدیاکانی ڕووسیا لە سەر زاری ئولگ ئیگناسیوک جێگری سەنتەری ئاشتەوایی ئەم وڵاتە لە سوریا ڕایانگەیاندووە کە هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا بە بەشداری هێزەکانی سوریا بنکەیەکی سەربازی هاوبەشیان لە ناوچەیەکی نزیک سنورە هاوبەشەکانی سوریا و تورکیا کردووەتەوە.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە ئەو بنکە سەربازییە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چاودێڕی ڕاگرتنی پرۆسە سەربازییەکانی لە نێوان لایەنەکان کراوەتەوە.
بنکەی سەربازیی کۆبانێ سێهەم بنکەی ڕووسیایە کە چاودێری مافی مرۆڤی سوریا سەر بە نەیارانی دیمەشق لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوو ڕایگەیاند ڕووسیا ئەو دوو بنکە سەربازییەشی لە ڕۆژئاوای کۆبانێ کردووەتەوە.
ناوچەی کۆبانێ کە ڕووسیا ئەو بنکە سەربازییەی تێدا کردووەتەوە، لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیمۆکراتدایە کە کۆتایی ساڵی 2019 لە گەڵ ڕووسیا ڕێکەوتنێکی سەربازییان واژۆ کردووە کە موڵەتی کردنەوەی بنکە سەربازییەکان بە مۆسکۆ لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات دەدات، ئەمەش دەبێتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی سەربازیی ڕووسیا لە ناوچەکە.
ئەو ڕێکەوتنە لە گەرمەی پرۆسە سەربازییەکانی تورکیا ناسراو بە کانیاوی ئاشتی لە ساڵی 2019 لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فۆرات واژۆ کرا، ئەو پرۆسە سەربازییەی کە تێیدا تورکیا چەندین ناوچەی لە باکوری ڕۆژئاوای حەسەکە خستە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و هەسەدە بە ناچار و بۆ ڕاگرتنی هێرشە سەربازییەکانی تورکیا، چەندین ئیمتیازی بە ڕووسیا بەخشی.
هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش کە لە لایەن ئەمریکاوە سەرکردایەتی دەکرێت، لەو ساڵەدا چەندین شوێنی نزیک لە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا، بە تایبەت بنکەیەکی سەربازیی لە کۆبانێ، چۆڵکرد، لەو کاتەشەوە ڕووسیا پێگەی سەربازی خۆیی لە ڕۆژهەڵاتی فۆرات بەهێزکرد و بووە ڕکابەری سەرەکی لەم ناوچەیە کە دەوڵەمەندترین شوێنی سوریایە لە ڕووی وزە و کشتووکاڵەوە.
پێدەچێت کردنەوەی بنکەی سەربازی ڕووسیا لە کۆبانێ، لە نزیک سنورەکانی سوریا و تورکیا، پەیامێکی ڕاستەوخۆ بۆ ئەنکەرەیە کە لە ساڵی 2020 تا ئێستا بەردەوام هەڕەشە لە هێزەکانی سوریای دیمۆکرات دەکات. ئەوەی کە نەخشەی ناوچە کۆنتڕۆڵکراوەکان تووشی گۆڕانکاری نابن. ئەم ناوچانە لە ساڵی 2020 چ لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فۆرات و چ لە ڕۆژئاوای ئەم ڕووبارە، سەرەڕای شەڕ و پێکدادانی لایەنەکان و هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هەسەدە، ناوەندی سەرەکی ئەم هێزە کوردییە و سەرچاوەی نیگەرانی تورکیا، هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.
عەمید یوسف حەمود شرۆڤەکاری سەربازیی سوریا ئەم هەنگاوەی ڕووسیای لە کردنەوەی بنکەی سەربازی لە کۆبانێ بە هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵكردنی تەواوی ڕێگای نێودەوڵەتی M4 ناو بردووە کە بە کۆبانێدا تێپەڕ دەبێت. ئەم ناوچەیە لە گرنگترینی ئامانجەکانی تورکیایە لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فۆرات.
ناوبراو ڕایگەیاندووە کە کردنەوەی ئەم بنکە سەربازییە پیشاندەری بەتاڵبوونی گەشتە سەربازییە هاوبەشەکانە لە ناوچەکە.
یوسف حەمود هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەم هەنگاوە ڕەنگە پیشاندەری شکستی دانوستانەکانی نێوان مۆسکۆ و ئەنکەرە سەبارەت بە ناوچەی ئیدلب لە باکوری رۆژئاوای سوریا بێت و بنکە سەربازییەکەی ڕووسیا دەتوانێت ڕێگری لە هەر هەوڵێکی تورکیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەی کۆبانێ بێت.
بە وتەی ئەو شرۆڤەکارە سەربازییە، دانوستانەکانی نێوان واشنتن و ئەنکەرە لە پێش 2019 بۆ هاتنی هێزەکانی سوپای تورکیا تا قووڵایی 35 کیلۆمەتریی خاکی سوریا بووە بەڵام کاتێک ڕووسیا هاتە ناوچەکە، ئەو دانوستانانە بۆ قووڵایی 10 کیلۆمەتر سنوردار کرا./.