بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، عەقیل ڕەدینی وتەبێژی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق داوای لە سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی ئەم وڵاتە کرد بە پێی ئەو گۆڕانکارییە ئەمنییانەی مەترسی لە سەر ئاسایشی ناوچەکە داناوە، بە تایبەت لە پاش هێرشەکەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای بابل، کۆنفرانسێکی نیشتمانی بۆ دەرکردنی ئەو هێزانە و گەیشتن بە بڕیارێکی سیاسی لە سەر ئەم دۆسیەیە ساز بکرێت.
ناوبراو وتی: ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە قەیرانێکی نیگەرانکەرەوەدایە و زۆربەی بەرپرسان پێشبینی دەکەن کە لە پاش ڕووداوەکانی ئەم دواییە بە تایبەت تیرۆری شەهید ئیسماعیل هەنیە لە تاران، ئاستی ئاڵۆزییەکان بەرز ببێتەوە.
وتەبێژی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانیی عێراق وتی کە پێشبینی دەکرێت وەڵامی ئێران بە تاوانەکانی ڕژێمی زایۆنیستی جیاوازتر لەوەی ڕابردوو بێت./.